Zana Natık Kerem
19 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2022
ھەولێر ــ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ماجد شنگالی راگەیاند "تا ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرکۆمار نەگەیشتوون بە رێککەوتن و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە کاندیدی پارتی، رێبەر ئەحمەد چانسی زۆرە ببێت بە سەرکۆمار.
ماجد شنگالی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە تا ئێستا ھیچ نزیکبوونەوەیەک لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان و گەیشتن بە رێککەوتن لە بارەی پۆستی سەرکۆمار لە ئارادا نییە و گوتی: "نزیکترین سیناریۆ بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار لەنێوان هەردوو حزبەکە، ئەوەیە ھەر حزبێک کاندیدی خۆی پێشکەش بکات کە ئەوەیش دووبارەبوونەوەی سیناریۆکەی ٢٠١٨ە، بەڵام بەشێوەیەکی جیاوازتر".
گوتیشی: "کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێبەر ئەحمەد چانسی زۆرە ببێت بە سەرکۆماری نوێی عێراق.
ئەمەیش لە کاتێکدایە دوو رۆژ لەمەوبەر ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاندبوو "ھێشتا درەنگ نییە و دەتوانین ھەموومان بە رۆحێکی نیشتمانپەروەرانەوە لە پێناو بەھێزترکردنی قەوارەی ھەرێم و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان، ناکۆکییە سیاسیی و کەسییەکانمان وەلابنێین و پێکەوە بڕیار بدەین و یەک کاندید بۆ سەرکۆمار پێشکەش بکەین".
پێشتر سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی ٢٦ی ئەم مانگەی وەک وادە بۆ سازکردنی دانیشتنی ئەنجوومەنەکە تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ دیاری کردبوو.
لەئێستادا، ٤٠ کاندید رکابەری یەکتر دەکەن بۆ بەدەستھێنانی پۆستی سەرکۆماری عێراق لەنێویاندا کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرھەم ساڵح.