تونس
بزووتنەوەی نەھزە لەگەڵ ١٠ حیزبی ئۆپۆزسیۆندا بەمەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی تونس، داوای بەستنی کۆنگرەی نیشتیمانی دەکەن و ھیچ لایەکیان بێ شەرت و مەرج بەشداریی تێدا بکەن.
لەڕاگەیەنراوەیەکدا کە ئیمزای ١١ حیزب و لایەنی تونسی لەسەرە، داوای بەستنی بەپەلەی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی دەکەن بەمەبەستی گەیشتن بە رێکەوتنێکی نیشیتیمانی، حیزبەکانی بەشداربووی ئەو ھەڵمەتە کۆکن لەسەر ئەوەی ھیچ لایەکیان شەرت و مەرجی پێشوەختەی نەبێ بۆ بەستنی کۆنگرە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە " بەمەبەستی پاراستنی ئاشتی و تەبایی لە نێوان گشت پێکھاتەکاندا، داوا دەکەین زەمینە سازی بکرێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد تا وڵات لەو قەیرانە سیاسیەی تێیکەوتووە قوتاری بێ".
نزیکەی دوو مانگە قەیرانی سیاسی لەتونس درێژەی ھەیەو ئۆپۆزسیۆن خوازیارە ھەڵوەشاندنەوەی کابینەی ئێستا کە بزووتنەوەی نەھزە زۆرینەی کابینەکەی پێکھێناوە، مانگی رابردوو بەھۆی کوژرانی ئەندام پەرلەمانێکی سەر بە فراکسیۆن ئۆپۆزسیۆن ناڕەزایی زۆر لەو وڵاتە سەریھەڵداو پەرلەمان بۆ ماوەیەکی نادیار کاروبارەکانی ھەڵپەسارد.