تاران
مەجلیسی خوبرەگان رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی ئاسایی سازکرد، لەکۆبوونەوەکەدا زیاتر تاوتوێی قەیرانی سوریا کراو چەند پرسێکی ناوخۆیی ئێرانیش خراوەتە بەر باس.
دوای کۆبوونەوەکە بەیاننامەی کۆتاییان لە١٤ خاڵدا راگەیاند، لەبەیاننامەکەکەدا مەجلیسی خوبرەگان ھۆشداریی داوەتە ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاوا کە خۆ ببوێرن لەپەلاماردانی سوریا.
لەبەشێکی بەیاننامەکەدا ھاتووە " دەستتێوەردانی سەربازیی لەسوریا ناکۆکە لەگەڵ یاساو رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، ئێمە مەحکومی دەکەین و ھۆشداریی دەدەینە ئەو وڵاتانە بن پێی خستنی مافی گەلان و داگیرکردنی وڵاتەکانیان تاوانەو مایەی لێبوردن نییە".
مەجلیسی خوبرەگان ھەروەھا بانگەوازیکرد لەئەمریکاو رۆژئاوا " ئاگاداری ئەمریکا، ئیسڕائیل و چەند وڵاتێکی ئەوروپی دەکەینەوە ھۆشیاربن و کارەساتێکی دیکە لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست مەخولقێنن، با ئیتر دەستی خۆیان بە خوێنی گەلانی بێ دەسەڵات سوور نەکەن. ئەگەر بانگەشەی دیموکراسی و ئازادی دەکەن، واز لە گەلان بێنن تا بە ئازادی دواڕۆژی ھەڵبژێرن".
لەلایەکی دیکە سەرکۆماری ئێران (حەسەن رۆحانی) لەگەڵ مەجلیسی خوبرەگان دیداریکردو گوتی" ھەر دەستێوەردانێکی سەربازیی بۆ لەسوریا، بە زیانی دۆستانی ئەمریکا دەشکێتەوە".
لەو کۆبوونەوەیەدا (جەنەراڵ قاسم سولێمانی) فەرماندەی قەرارگەی قودس بەشدارییکردبوو، بەڵام لەبارەی ئەو کۆبوونەوەیە ھیچ زانیارییەک نەدرایە میدیاکان.