Zana Natık Kerem
27 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2022
ھەولێر ــ AA
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی رایگەیاند "بەردەوام داوامان کردووە کە دەستوور حاکم بێت لەنێوان ھەولێر و بەغدا، بەڵام بەداخەوە ھەندێک شت بە سیاسیی دەکرێت".
جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی و مووچەی فەرمانبەران، هەروەها دابەشکردنی نەوتی سپی کرد.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدراڵیی رایگەیاند "بەردەوام داوامان کردووە کە دەستوور حاکم بێت لەنێوان ھەولێر و بەغدا، بەڵام بەداخەوە ھەندێک شت بە سیاسیی دەکرێت".
جووتیار عادل گوتی: "حکوومەتی عێراق ھەوڵدەدات لەڕووی ئابوورییەوە فشار بخاتە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە سیاسیەتی خۆمان".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکەن، ھیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستییەوە و گوتی: "بەم نزیکانە خشتەی نوێی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بڵاودەکرێتەوە".
جووتیار عادل ئاماژەی بەوەیش دا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوو سەرچاوی هەیە بۆ داھات کە بریتین لە داھاتی نەوت و داهاتی نانەوتی و رایگەیاند "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئەو داھاتەی کە لەبەردەستیدایە، ٣٠ی رۆژ جارێک مووچە دابەش دەکات".
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی دابەشکردنی نەوتی سپییەوە رایگەیاند کە کێشەی ئەوان لە دابەشکردنی نەوتی سپی ئەوەیە، حکوومەتی عێراق رێگای نەداوە پاڵاوگەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان دروست بکرێت و گوتی: "دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان بەلای ئێمەوە ئەولەویەت بووە، بۆیە سەرەتا نەوتی سپی بەسەر دانیشتوانی ناوچە شاخاوییەکاندا، دابەش دەکرێت".
ئاشکراشی کرد کە ئەوان لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا، رێککەوتننامەیان لەبارەی ناردنی نەوتی سپییەوە ھەیە و گوتی: "بەداخەوە حکوومەتی عێراق یەک بەرمیل نەوت لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە ٣٠ ھەزار دینار بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش دەکات، بەڵام بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە ١٥٠ ھەزار دینار دەینێرێت، ھەر لیترێکی بە ٧٥٠ دینار ھەژمارکردووە".