ھەولێر
خۆپیشاندەران لە رێگەی چەند نوێنەرێکیانەوە یاداشتێکی ناڕەزاییان پێشکەش بە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ھەولێر کرد.
ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر بە سەدان لایەنگری چەند پارتێکی کوردی خۆپیشاندانێکیان بۆ بەردەم بارەگای نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان رێکخست، کە تیایدا جگە لە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی پاڵپشتیکردن لە شاری کۆبانێ کە سێ حەفتە دەبێ لە لایەن چەکدارانی داعشەوە گەمارۆ دراوە و شەڕی قورس لەگەڵ چەکدارانی کورد لەوێ دەکەن، خۆپیشاندەران چەند دروشمێکیان لە دژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە تایبەت ئەمریکا بەرزکردبووەوە و نیگەرانی خۆیان لە بارودۆخی کۆبانێ و نەبوونی "ھەڵوێستێکی جدی"، دەربڕی.
لەو خۆپیشاندانە ئاڵاکانی چەندین پارت لە پاڵ ئاڵاکانی کوردستان زیاتر بوون، بەھۆی هێرشکردنی بەشێک لە خۆپیشاندەران بۆسەر پەیامنێری کەناڵێکی ئاسمانیی، خۆپیشاندانەکە رەوتی گۆڕا و دواتر بەشێکی زۆریان گۆڕەپانی سەرەکی خۆپیشاندەکەیان جێهێشت، ئەوەش نیگەرانی رۆژنامەنووسانی لێکەوتەوە کە بەشێکیان رووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە.