Sarmand Hameed
26 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2023
هەولێر - AA
سەرۆکی ھاوپەیمانی سەروەریی، خەمیس خەنجەر رایگەیاند، نابێت دەست بۆ بژێوی و سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ببرێت بە شێوەیەک کە دژایەتی ئەو لێکتێگەیشتنە سیاسییانە بکات کە حکوومەتی ئێستای عێراقی لەسەر پێکهێندرا.
خەمیس خەنجەر وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر بڕیاری دادگای باڵای فیداڵیی عێراق بە نادەستووریی بوونی بڕیارەکانی حکوومەتی پێشوو و ئێستای عێراق بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکی ھاوپەیمانی سەروەریی نووسیوویەتی: "هێزە نیشتمانییەکان هەوڵی زۆریان دا لەپێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لە وڵاتدا و هیچ دامەزراوەیەک لە عێراقدا ناتوانێت جارێکی دیکە هەڕەشە لەم سەقامگیرییە بکات".
خەمیس خەنجەر کە سەرۆکی گەورەترین فراکسیۆنی سوننەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پێشتریش لەگەڵ هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و رەوتی سەدر هاوپەیمانیی هەبوو، بە رەخنەگرتن لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدرالی عێراق نووسیوویەتی: "کوردستان کەسوکاری ئێمەن و نابێت بە شێوەیەک کە دژایەتی ئەو تێگەیشتنە سیاسیانە بکات کە حکوومەتی ئێستای لەسەر پێکهێندرا، دەست بۆ بژێوی و سەروەت و سامانیان ببرێت".