Salam hanadni
27 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2015
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا لە گوندی گوڵەخانە لە ناوچەی شارەزوور (20كیلۆمەتر باكووری رۆژئاوای هەڵەبجە) لەلایەن پەیمانگەی دیالۆگی نێودەوڵەتییەوە خەڵاتی باوكی شەهیدان بەخشرایە باوكی شەهیدێكی سەنگەری دژی داعش و سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان محەمەدی حاجی مەحموود.
نوێنەری پەیمانگەی دیالۆگی نێودەوڵەتی موشیر گەڵاڵی لەم بارەیەوە گوتی: "بەبۆنەی ئەوەی وەك سەركردەیەكی كورد لە شەڕی دژ بەداعش بەردەوام لە سەنگەری بەرگرییدا بووە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان و لە پاڵ خۆشیدا كوڕە گەورەكەی بەدەستی تیرۆریستانی داعش شەهید كرا، پێمان باش بوو كە خەڵاتی باوكی شەهیدان ببەخشینە محەمەدی حاجی مەحموود".
گەڵاڵی گوتیشی: "ئێمە خۆمان بە قەرزارباری هەموو شەهیدان دەزانین، لەو هەموو خزمەت و بەخشینەی محەمەدی حاجی مەحموود پێشكەشی كردووە كەس ناتوانێت گلەیی و گازندە و گومانمان پێ ببات كە ئەم پیاوەمان بە باوكی شەهیدان دیاری كردووە و خەڵاتی باوكی شەهیدانی پێ دەبەخشین".
هەروەها گوتیشی: "ئێمە ئەگەر بە شتێكی بچووك خەڵاتی باوكی شەهیدان بدەینە محەمەدی حاجی مەحموود بەڵام ئەو نازناوە كە باوكی شەهیدانە گەورەترین شانازییە بۆ ئەم پیاوە، هەركەسە و لە شوێنی خۆیەوە دەتوانێت لە خزمەتی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانی كوردستاندا بێت".
سكرتێری حیزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان محەمەد حاجی مەحموود سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كرد كە ئەمڕۆ بەشدار بوون لەو رێوڕەسمە و سوپاسی پەیمانگەی دیالۆگی نێودەوڵەتیشی كرد كە دەستنیشانیان كردووە بۆ وەرگرتنی ئەم خەڵاتە وەك باوكی شەهیدان.
ئەو گوتیشی: "ئێمە بەردەوام پێشمەرگەین و لە خزمەتی ئەم وڵاتەدا دەجەنگین و شەهید دەبەخشینە ئەم كوردستانە، من وەك خۆم دوای چەندین جار برینداریی و بەشداری كردنم لە چەندین شەڕ، تەنها لەوە دەترسم كە لە ماڵەوە و لەسەر جێگە بمرم، زۆر حەز دەكەم لە سەنگەری پێشمەرگە و لە كاتی بەرگریی لە خاكی كوردستان گیان بسپێرم".
محەمەدی حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆشیالیستی دیموكراتی كوردستانە و ساڵێك و دوومانگ لەمەوبەر لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە 'عەتا' كوڕە گەورەكەی لە شەڕی دژ بەداعش شەهید كرا.