Heman Hussein Yaseen
11 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 12 ئادار 2020
ههولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند ئەمڕۆ کە جیھان بەگشتی رووبەڕووی مەترسیی کۆرۆنا بووەتەوە، رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ئەم ڤایرۆسە خەمی سەرەکی و کاری لەپێشینەی ھەموو وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە.
بهپێی راگهیاندراوێک كه له ماڵپهڕی فهرمیی سهرۆكی ههرێمی كوردستان بڵاوكراوهتهوه و تیاییدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە، بە ئەزموون سەلمێنراوە کە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی کۆرۆنا و زاڵبوون بەسەر لێکەوتەکانیدا، خۆپاراستن باشترین چەکی بەرەنگاربوونەوەیە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا ھاتووە: ''ھەڵمەت و رێکارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ رێگری لەم ڤایرۆسە و ھەنگاو و کارەکانیان بەرز دەنرخێنم، ئەرکی ھەموو لایەکمانە ئەوپەڕی ھاوکار و یارمەتیدەریان بین لە جێبەجێکردنی کارەکانیاندا''.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ھەموو دەزگا پەیوەندارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە: ''سوپاس و دەستخۆشی بۆ ھەموو وەزارەتە پەیوەندارەکان، دکتۆر، پەرستاران، ستاف و تیمە پزیشکییەکان، تەواوی کەرتی تەندروستی، پۆلیس، ئاسایش، کارمەندانی فڕۆکەخانە، دەروازەکان، پارێزگا و ئیدارەکان کە خزمەت دەکەن و بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا ھاوکار و ھەماھەنگن، ھەروەھا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە پەیوەندارە جیھانییەکان دەکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن''.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەشکردووەتەوە کە، بە ھەستی بەرپرسیاریەتی و ھاوکاریی ھەموومان پێکەوە، دەتوانین تەندروستی و سەلامەتیی خۆمان و ژینگەکەمان لەم مەترسییە بپارێزین. گرنگە بە ھۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکرێت، نە بە ترس و نە فەرامۆشکردن. دەبێت رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیھانیی تایبەت بە خۆپاراستن و پاکوخاوێنی، بڕیار و ڕێکارەکانی لایەنە پەیوەندارەکانی حکوومەت بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، بە وردی و دروستی جێبەجێ بکرێن''.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەرکی ھەموو کەسێکە خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بۆ پاراستنی تەندروستی، ژیان و سەلامەتیی خۆی و خێزانەکەی، کۆمەڵگا و ژینگەکەی و، راشیگەیاندووە کە چاوەڕوانیی لە ھەموو کوردستانییانیە کە ئەوپەڕی ھەستکردنیانە بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بەم ئەرکە مرۆیی، نیشتمانی، ئایینی و ئەخلاقییە''.
لە کۆتاییشدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە بە ھاوکاری و ھەماھەنگیی ھەمەلایەنە و پابەندی بە رێنمایییەکانەوە، خۆمان و گەل و وڵاتمان دەپارێزین و ئەم سەختییەش تێدەپەڕێنین، ھەموو ھاوکاری و ھەماھەنگییەکیش لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیھانی و لایەنە پەیوەندارەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین. بە ھیوای سەلامەتی بۆ سەرجەم کوردستانییان و گەلی عێراق و گەلانی دراوسێ و جیھان.