Sarmand Hameed
11 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2020
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە جێبەجێکردنی چاکسازییەکانی حکوومەت کرد.
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، ھەڵسەنگاندێکی ورد بۆ رەوشەکە و دەرھاویشتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و چۆنییەتی جێبەجێ کردنی چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێم لە سێکتەرە جیاجیاکاندا کرا.
جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، ئاماژەی بەوەداوە کە دەبێت؛ چاکسازییەکانمان بەردەوامی پێ بدەین و داھاتمان فرەچەشن بکەین و یاسای چاکسازی کە لەپەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە، یەکێک بێت لە ئەولەویاتەکانمان کە لەماوەیەکی نزیکدا بیخەینە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لەکۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا شاندێکی حکوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی پێکەوە ھەماھەنگ بین بۆ ئەم رەوشە ھەنووکەییە، ھەروەھا وەزارەتی دارایی راسپێردرا بۆ ھەفتەی ئایندە راپۆرتێکی ورد ئامادە بکەن سەبارەت بە چۆنییەتی ئەنجامدانی قۆناغەکانی چاکسازیی.
لە بەشی دووەمی کۆبوونەوەکە، باس لەکەرتی کارەبا کرا و چۆنییەتی چاککردنی ئەو کەرتە لەرووی پێدانی کارەبا بەھاووڵاتییان و ئەنجامدانی چاکسازی لەو سێکتەرە. وەزیری کارەبا راپۆرتێکی لەسەر بەرھەمھێنان و دابەشکردن و کۆکردنەوەی داھاتەکانی وەزارەتیان پێشکەش کرد، لەو رووەووە پێشنیار و بۆچوونەکان خرانە روو و بڕیار درا چی پێویستە ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی ئەو سێکتەرە باشتر رێکبخرێتەوە.
ھەروەھا بڕیاردرا لە ماوەی دوو ھەفتەدا وەزارەتی کارەبا راپۆرتێکی زانستی ئامادە بکات و پلانەکانیان بۆ چاکسازی وباشتر خزمەتکردنی ھاووڵاتییان لە پێدانی کارەبا پێشکەش بکەن.