وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند دوای ئەوەی سعودییەك بەناوی مەجید ئەلمەجیدی بە تۆمەتی ھەوڵی تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئێران لە بەیروت دەستگیركرا، لیژنەیەك لە ئێرانە دەگاتە وڵاتی لوبنان.
بەگوێرەی ھەواڵەكانی ئاژانسی میهر، زەریف لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەبەرامبەر دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە دەستخۆشیی لە ھاوتایە لوبنانییەكەی عەدنان مەنسور كردووەو پێی گوتووە كە لەبەر ئەوەی ھەڕەشە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران كراوە، بۆ دادگاییكردنەكە پلانمان وایە لیژنەیەك بنێرینە لوبنان تا لە نزیكەوە چاودێری دادگاییكردنەوە بكا.
زەریف ھەروەھا ئاشكرایكرد دوای دەستگیركرانی ئەو تۆمەتبارە لەبواری سەقامگیریی ئاسایشەوە وڵاتی لوبنان بڵانسێكی زیاتری لە دیدی ئێرانییەكان بەدەستھێناوە.
رۆژی ١٩ی تشرینی دووەم سعودییەك بەناوی مەجید ئەلمەجیدی بە تۆمەتی تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی ئێران لە بەیروتی پایتەختی لوبنان دەستگیركرا و ھەواڵەكان ئەوەیان پشتڕاستكردەوە كە دوای تێستی DNA تۆمەتەكە لەسەر ئەلمەجیدی سەلمێنراوە، لە رۆژی تەقینەوەكەدا چەندین كاربەدەست و پایەدار لە باڵوێزخانەكەدا بوونە.