Muhammet Ali Kemal
28 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2017
واشنتۆن- AA
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر لە لێدوانێکدا سەبارەت بە قەیرانی قەتەر، ئاماژەی بەوەکرد ئەو مەرجانەی کە دایانناوە ''دانوستانیان لەسەر ناکرێت''.
عادل جوبەیر کە بە سەردانێک لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکایە، سەبارەت بە قەیرانی قەتەر لێدوانی دایە رۆژنامەوانان.
جوبەیر جەختی لەوەکردەوە ئەو مەرجانەی داویانەتە قەتەر ''ناکرێت دانوستانیان لەسەربکرێت'' و گوتی: ''بۆچوونی خۆمان راگەیاند و هەنگاویشمان لەوبارەیەوە هاوێشت. لە ئێستاشدا ئەوە دەکەوێتە سەر قەتەرییەکان کە هەڵسوکەوتی خۆیان بگۆڕن. ئەگەر بێت و ئەوە ئەنجام نەدەن، ئەوا بە گۆشەگیرکراوی دەمێننەوە''.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە باسی لەوەشکرد کە قەتەر دەزانێت چی پێویستە بیکات بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە ناو ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو.