Sarmand Hameed
09 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2017
ریاز - AA
وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری كەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، سامر سەبهان رایگەیاند كە وڵاتەكەی رێوشوێنێکی توند دژ بە لوبنان دەگرێتە بەر تاکو ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاسایی.
سەبهان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاندووە: "هەموو رێوشوێنێک بە هەنگاو دەگرینەبەر و بەردەوام دەبین و رێککارەکان توندتر دەکەین تاکو لوبان دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی" بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەبارەی چۆنیەتی رێوشوێنەکانەوە ئاشکرا بکات.
تویتەکەی وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری كەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە دوای چەند خولەکێک هات لە داوایەکی سعوودیە بۆ هاووڵاتییەکانی بۆ جێهێشتنی لوبنان لەنزیکترین دەرفەتدا و ئامۆژگاری هاووڵاتیانی کردووە کە گەشت بۆ لوبنان نەکەن.
پێشتریش سەبهان رایگەیاندبوو كە وڵاتەكەی بە شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی لوبنان دەكات كە ئەو حكوومەتە بە هۆی حزبوڵڵاوە جەنگی دژ بە سعوودیە راگەیاندووە.
سامر سەبهان لە لێدوانێكی بۆ كەناڵی العربیە ئەو دەنگۆیانەی رەتكردبووەوە كە باسیان لەوە دەكرد ریاز سەرۆكوەزیرانی لوبنان، سەعد حەریری ناچار كردبێت دەستلەكاربكێشێتەوە و ئاماژەی بەوەشدابوو كە ئەوە درۆیەکە کە حزبوڵڵا و لایەنگرانی حزبوڵڵا هەڵیانبەستووە.
وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری كەنداو لە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، سامر سەبهان گوتیشی: "حزبوڵڵا بووەتە كەرەستەی کوشتار و وێرانكاری بۆ سعوودیە كە بەشداری لە هەموو كردە تیرۆریستییەكان دەکات لە سعوودیە، هەروەها تێوەگلاوە لە ئاراستەكردنی مووشەك لە یەمەنەوە بۆ سەر سعوودیە".
سامر سەبهان روونی كردەوە كە حزبوڵڵا نوێنەری لە حكوومەتی لوبنان هەیە و پێویستە حكوومەتی لوبنان درك بەو مەترسییە بكات، چونكە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ حكوومەتی لوبناندا دەكرێت كە ئەو حكوومەتە جەنگی دژ بە سعوودیە راگەیاندووە.
سامر سەبهان هۆشداری ئەوەشی دا كە پێویستە لوبنانییەكان درك بەو مەترسییە بكەن و دەبێت ئەوە بزانن لەوانەیە كارەكان بگاتە خاڵێك كە گەڕانەوەی بۆ نەبێت.
سامر سەبهان گوتیشی: "ئەگەر كارەكان بگاتە ئاستی زیانگەیاندن و بەشداریكردن لە جەنگی دژ بە سعوودیە، ئەوا بە هێز و بە توندی رووبەڕووی هەموو ئەو هەوڵانە دەوەستینەوە و ئاوات دەخوازین كە ئەوە تاقی نەكەنەوە هەروەك چۆن هەندێك لایەن ئەو كارەیان لە بەرامبەر سعوودیە تاقی كردووەتەوە".
رۆژی شەممەی رابردوو، سەعد حەریری دەستلەكاركێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكوەزیرانی لوبنان راگەیاند و هۆكاری بڕیارەكەی بۆ هەوڵەكانی ئێران بۆ دەستبەسەرداگرتن و سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر لوبنان گەڕاندەوە دوای ئەوەی حزبوڵڵا بەزەبری چەك ئەمری واقیع خۆی سەپاند.
لە گوتارەكەیدا، هەروەها سەعد حەریری ئێرانی بە نانەوەی فیتنە تۆمەتبار كرد و ئاماژەی بەوە كردووە كە ئێران چووبێتە هەر وڵاتێكی عەرەبییەوە بووەتە هۆكاری وێرانكاری بۆ ئەو وڵاتە.
هەروەها رۆژی یەكشەممە رابردوو لە گوتارێكی تەلەڤیزیۆنیدا، ئەمینداری گشتی حزبوڵڵا لوبنان، حەسەن نەسروڵڵا رایگەیاندبوو "هیچ هۆكارێكی ناوخۆیی نییە بۆ دەستلەكاركێشانەوەی سەعد حەریری لە سەرۆكایەتی حكوومەتی لوبنان".