Jamal Sergeti
18 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2016
ئێوارەی ئەمڕۆ پاش بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی رێكەوتننامەی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانی سەعدی ئەحمەد پیرە و گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆران شۆڕش حاجی، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانیان دایەوە.
لەكۆنگرەكەدا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە و رۆژێكی كە رێكەوتننامەی سیاسی نێوان یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆران واژۆكرا".
ئەو گوتیشی: "زۆر كەس پێی وایە كە ئەو رێكەوتننامەیە پەلەیە بەڵام ئەو بەندو خاڵانەی كە لەرێكەوتنەكەدا هاتووە بە شێوازی پەلە دروست نەبووە بەڵكو لە مانگی 10 ساڵی 2012 لە كۆبوونەوەكەی دەباشانی شاری سلێمانی لەنێوان جەلال تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ئەنجام درا بەڵام نەخۆش كەوتنی جەلال تاڵەبانی بواری نەدا كە كاری لەسەر بكرێت بەڵام كاری لەسەر كار و ئەمرۆ كەوتە بواری جێبەجێ كردنەوە".
سەعدی راشیگەیاند: "ئەو رێكەوتننامەیە یەكێكە لەو هەنگاوانەی كە مێژووییە و چونكە هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی لەبەردەم هەڕەشەیەكی زۆر تاوانكارانەدایە لەوانە داعش و گرووپە ئیرهابییەكان. بۆیە لە رۆژێكی ئاوادا چەند بتوانین یەكخستنەوەی ماڵی كورد و لێكنزیك كردنەوەی لایەنەسیاسییەكان ئاراستەكرندنی تواناكانمان بەرامبەر بە دوژمنەكانمان پێویستە كاری لەسەر بكرێت".
پیرە گوتیشی: "یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆران لە هەست كردن بە بەرپرسیارێتی و لە پەرۆشیان بۆ ئەو گرفتانەی كە هەیە ئەو رێكەوتنەیان ئەنجامدا و بەڵكو ببێتە بەردی بناغەی هەوێنی ئاشتی نێوماڵی كورد و ئاشتەوای گشتی و نەهێشتنی ئەو گرفتانەی كە ئێستای هەرێمی كوردستان رووبەڕووی بووەتەوە بۆیە بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە هەموو لایەنەسیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەین وپیرۆزبایی لە هەموو تاكێكی گەلەكەمان دەكەین ".
لای خۆشیەوە گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆران شۆڕش حاجی لە كۆنگرەكەدا رایگەیاند: "ئەم رێكەوتننامەیەی نێوان یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەرهەمی چەند ساڵەی خەباتی هەردوو لابووە ئەمەش بەهۆی ئەو گرفتە سیاسییەكە لە ئێستای هەرێمی كوردستان هەیە بۆیە رێكەوتنە ئەنجامدرا".
شۆڕش گوتیشی: "وەك یەكێتیی و گۆڕان هەمیشە جەختمان لەسەر ئەوە كردوەتەوە كە كاربكەین بۆ رێكخستن و یەكخستنی نێوماڵی كورد لە هەرێمی كوردستان و دانانی بەرنامەی ستراتیژی كوردستانیانە بۆ دۆزینەوی رێگاچارەی ئەو قەیرانانەی كە لە ئێستای هەرێمی كوردستاندا هەیە و وەك ئامادەكارییە بۆ هەر گۆڕانكارییەك كە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت بۆیە ئەم رێكەوتنەمان ئەنجام داوە".
حاجی راشیگەیاند: "ئەمە وەڵامدانەوەیە بۆ خواست و داواكاری جەماوەری خەڵكی كوردستان كە هەمیشە داوای تەبایی و بەیەكەوە دانیشتن رێكخستنی نێو ماڵی كوردستانیان كردووە".
گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆران هیواشی خواست سەرجەم بڕگەو ماددەكانی ئەم رێكەوتنە جێ جێبەجێ بكرێت و هەم خەڵكی كوردستان هەست بە سوودی ئەم رێكەوتننامەیە بكەن و هەم پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بەرەو ئاكامێكی باش بروات وە ئاشیتەوایی و تەبایی ناو ریزەكانی لایەنەكان بپارێزرێت و كاربكرێت بۆ دانانی یەك گوتار و یەك هەڵوێستی لە ناو گەلی كورددا و كاربكرێت بۆ چارەسەر كردنی ئەو قەیرانانەی كە لە هەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە".