saad hewramai
17 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2016
ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان مۆئەیەد تەیب بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی گوت: "لەو کاتەوەی کە حکوومەتی عێراق دروست بووە تاوەکو ئێستا هەر رێککەوتنێک لە نێوان کورد و بەغدا کرابێت جێبەجێ نەکراوە و هۆکاری جێبەجێ نەکردنیشی حکوومەتی عێراق بووە".
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "گومانم نییە کە هەموو سیاسییەکانی کوردستان دەزانن کە بەغدا هیچ چارەسەرییەکی بۆ کورد پێ نییە و راستگۆش نییە لەگەڵ کورد و تەنانەت ئەگەر رێککەوتنیش بکرێت ئەوە جێبەجێ ناکرێت بەڵام دیارە کورد وا پێی باشە کە تاوانەکە هەموو جارێک لای بەغدا بێت و کورد نیازپاکی خۆی پیشان بدات کە بەردەوام ئامادەن لەگەڵ بەغدا رێکبکەون بەڵام ئەوە بەغدایە کە رێک ناکەوێت یان ئەوە ئەو رێککەوتنانەش کە ئەنجام دراون جێبەجێیان ناکات".
موئەیەد تەیب رونیشی کردەوە کە "کورد دەیەوێت هەمیشە نیازپاکی خۆی پیشان بدات بەرانبەر بە بەغدا و ئەوەش بۆ رای گشتی جیهانی خاڵێکی ئەرێنییە بۆ کورد کە کورد دەیویست لە گەڵ عێراق رێک بکەوێت و عێراقێکی ئارام و ئاوەدان دروست بێت بەڵام ئەوە بەغدایە کە هەمیشە رێککەوتنەکان جێبەجێ ناکات".
موئەیەد تەیب هەروەها گوتیشی: "عێراق هیچکات بەشێوەیەک وڵاتی بەڕێوە نەبردووە کە هەموو تاکێکی ئەو وڵاتە وەکو هاووڵاتی پلە یەک خۆی ببینێتەوە و ئەوەش وای کردووە کە رێگا بۆ ئەگەرەکانی دیکە بکرێتەوە وەکو ئەگەری جیابوونەوە چونکە بەڕاستی عێراق تەنیا لەسەر نەخشە بە یەکگرتووی ماوەتەوە و لە پراکتیکدا وڵاتێک نییە بەناوی عێراق و گەلێکیش نییە کە ناسنامەکەی عێراقی بێت چونکە شیعە خۆی بە شیعە و سوننە بە سوننە و کوردیش خۆی بە کورد دەزانێت".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق "ماوەی سەد ساڵە دەوڵەتی عێراق نەیتوانی ناسنامەیەک بۆ هاووڵاتیانی وڵاتەکەی دروست بکات بەڵام گەڕانەوەی نوێنەرانی کورد بۆ بەغدا هیچ سوودێکی نابێت و جگە لەوەی کە ئێمە بە خەڵک دەڵێین ئێمە ئامادەین و ئەوان ئامادە نین".
سەبارەت بە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق موئەیەد تەیب گوتی: "ماددەی ١٤٠ تاکو ئێستاش لەناو دەستووری عێراقدا ماوە و دەستوورەکە تاکو ئێستاش کارایە و ئەگەر دەستووریش کارا بێت ئەوە هەموو ماددەکانی کاران بەڵام لەبەرئەوەی کە کاتی خۆی ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرا و کوردیش دەیزانی کە بەغدا نایەوێت ئەو ماددەیە جێبەجێ بکات کورد خۆی ئەو ماددەیەی جێبەجێ کرد و گەڕانەوەی ئەو ماددانەش بۆ سەر هەرێمی کوردستان هیچ نایاساییەکی تێدا نییە چونکە مەرج نییە حکوومەت دەستوور جێبەجێ بکات و هاووڵاتییەکیش دەتوانێت دەستوور جێیەجێی بکات".
موئەیەد تەیب گوتیشی: "جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ کارێکی نایاساییە و جێبەجێکردنیشی لەلایەن کوردەوە شتێکی یاساییە و بە گەڕانەوەی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی واتە جێبەجێکردنی ماددەیەکی دەستووری".
سەبارەت بە مەسەلەی ئەنجامدانی ریفراندۆمیش ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "پرسی ریفراندۆم پرسێکە کە مافی خەڵکی کوردستانە و ئێمە لە دووریانێکی زۆر مەترسیدارین چونکە سیاسییەکانی عێراق رێکنەکەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات و بۆ ئەوەش دەبێت بگەڕێنەوە بۆ رای خەڵک بزانین خەڵک چی دەوێت".
موئەیەد تەیب هەروەها لە کۆتاییدا گوتیشی: "ئەو هێزە سیاسیانەی کە نایانەوێت ریفراندۆم لە کوردستان ئەنجام بدرێت یان تەگەرە لەبەردەم ریفراندۆم دروست دەکەن با دەنگی خۆیان بەسەربەخۆیی کوردستان نەدەن بەلام وەستان دژی ریفراندۆم وەستانە دژی رای خەڵک نە دژی لایەنێک".