Cemal Sargati
25 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 25 مای,س 2017
سلێمانی ـ AA
ماوەی چوار رۆژە پەیامنێری كەناڵی NRT لە قەزای كفری، ئارام بەختیار بە هۆی بڵاوكردنەوەی راپۆرتێك لە كەناڵەكەدا (لەسەر كەسێك كە بە هۆی دزینی شیرو دایبی منداڵانەوە دادوەر سزای داوە) بە بڕیاری دادگای كفری دەستگیر كراوە، هەروەها لەسەر هەمان راپۆرت بڕیاری دەستگیركردن بۆ بەڕێوەبەری كەناڵی NRTیش، دەرچووە.
گردبوونەوەكە بە سەرپەرشتی سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان و بە دروشمی "رووماڵكردنی هەواڵی دادگاكان تاوان نییە" ئەنجامدرا.
لە گردبوونەوەكەدا سەرەتا رێكخەری سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنووسان، رەحمان غەریب بۆ بەشداربووان دوا و گوتی: "ئەمە یەكەمجار نییە رۆژنامەنووسێك لەسەر پیشەكەی دەستگیر بكرێت، یەكەمجاریش نییە دەزگایەكی راگەیاندن فشاری بخرێتە سەر".
رەحمان غەریب گوتیشی: "رۆژنامەنووسان داوا ناكەن كێشەكان لە دەرەوەی دادگاكان چارەسەر بكرێن، بەڵكو هەمیشە داوایان كردووە لە رێگەی دادگاكانەوە كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام دەكرێت بە پێی یاسا بێت نەك هەر بڕیارێكی تر".
لە لای خۆیەوە بەڕێوەبەری كەناڵی NRT، ئاوات عەلی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "بەشێك لە رۆژنامەنووسانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەشێك لە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ژماریەك لە هاووڵاتییان هاتنە بەردەم كەناڵی NRT وەك پشتیوانییەك بەرامبەر بە رۆژنامەنووس ئارام بەختیار كراوە، هەروەها فەرمانی دەستگیركردنی منیش وەك بەڕێوەبەری كەناڵ دەرچووە، هاتوون پاڵپشتی ئێمە بكەن".
ئاوات عەلی گوتیشی: "ئەم كەیسە پەیوەندی بەو راپۆرتەی پەیامنێرمانەوە هەبووە كە لە ماوەی رابردوودا لەبارەی دزینی شیرو دایبی منداڵان لە لایەن كەسێكەوە وە بۆ ماوەی 11 ساڵ لە لایەن دادگاوە حوكم دراوە، بۆیە دادگا سكاڵای لەسەر خۆم و وەك بەڕێوەبەر و پەیامنێرمان ئارام بەختیار تۆمار كردووە. لە ئێستاشدا ماوەی چەند رۆژێكە ئەو رۆژنامەنووسە دەستگیر كراوە، ئەوەش پێچەوانەی كاری رۆژنامەنووسیە و، ماوەی دەستگركردنەكەشی درێژكراوەتەوە بۆ یەكشەممەی داهاتوو كە دەبێت تاوەكو ئەو كاتە لە زیندان بێت ".
بەڕێوەبەری كەناڵەكە داواشی كرد پەیامنێری كەناڵەكەیان ئازاد بكرێت و كەیسەكەی ئەویش لە گەرمیانەوە بۆ سلێمانی بگوازرێتەوە، چونكە بە گوتەی خۆی هەڕەشەی كوشتنی لەسەرە.
ئەو گوتی: "من ئامادەم وەك خۆم بچمە بەردەم دادگا، بەڵام دەبێت كەیسەكەم بگوازنەوە شاری سلێمانی، چونكە لە قەزای كفری هەڕەشەی كوشتنم لێ كراوە، بۆیە ناتوانم بچمە قەزای كفری و لەوێ لە دادگا ئامادەبم".
سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، كاروان ئەنوەر كە لە گردبوونەوەكەدا ئامادە بوو لەسەر هەمان بابەت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "دەستگیركردنی رۆژنامەنووس ئارام بەختیار خۆی لە خۆیدا لادانێكە لە یاسای كاری رۆژنامەنووسی".
كاروان گوتی:"لە یاسایی 35 رۆژنامەگەریدا هاتووە رۆژنامەنووس لێپێچینەوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت، بەڵام دەستگیر ناكرێت، ئەوەشی كە روویداوە ئەتككردنی یاسایە و پێشێلكردنیەتی، چونكە ئەو رۆژنامەنووسە هیچ تاوانێكی نەكردووە".
بەرپرسەكەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەوەی لەسەر ئێمەیە وەك سەندیكای رۆژنامەنووسان ئەوەیە پارێزەری بۆ دابین دەكەین و بەرگری لێ دەكەین، داواش دەكەین كە هەرچی زووترە ئەو رۆژنامەنووسە ئازاد بكرێت".