Zana Natık Kerem
30 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2017
تاران ــ AA
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئیبراهیم رەحیم پور رایگەیاند كە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سەردانی تاران دەكات.
ئاژانسی هەواڵیی ئێرنا لە ئیبراهیم رەحیم پوری گواستەوە كە لە میانی سەردانەكەی بۆ تاران، ڤلادیمیر پوتین بەشداری لە كۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان ئێران، رووسیا و ئازەربیجان دەكات، هەروەها رێككەوتنی ئەتۆمی و پرسە هەرێمییەكان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێ دەكات.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشدا کە لە میانی كۆبوونەوەی سێقۆڵی نێوان ئێران، رووسیا و ئازەربیجان كە دووەمجارە ساز دەكرێت بابەتی رێرەوی باكوور-باشوور تاوتوێ دەكرێت.
ئیبراهیم رەحیم پور روونشیكردەوە كە سەردانەكەی ڤلادیمیر پوتین بۆ تاران یەك رۆژ دەخایەنێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە كرد، هەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا لە بارەی دانوستانەكانی ئاستانا و پێشهاتەكان لە بارەی سووریا و ناوچەكە گفتوگۆ دەكرێت.
پڕۆژەی رێرەوی باكوور-باشوور یان مۆمبای-سان پێتێرسبورگ بە گەورەترین پرۆژەی گواستنەوەی نێودەوڵەتی لە جیهان دادەنرێت كە شاری مۆمبای لە كەناری رۆژئاوای هیندستان و شاری سان پێتێرسبورگ رۆژئاوای رووسیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
بە پێی ئاژانسی هەواڵیی تەسنیمی ئێران، بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە كەلوپەلەكانی ئێران، رووسیا، هیندستان و ئازەربیجان و سەرجەم وڵاتان لە رێگەی ئەو رێرەوە بە ئامانجی كەمی تێچوون و كات، هەناردە دەكرێن.