سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ و شاندێکى یاوەرى کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا وێڕاى هەڵسەنگاندنێکى بابەتیانە بۆ دۆخى عێراق، پەیوەندییەکانى یەکێتیى ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمى کوردستان و برەودان بە بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى نێوانیان، پەیوەندى و کێشەکانى هەولێر ـ بەغدا، دیموکراسى و سیستمى فیدراڵى لە عێراق، مەترسییەکانى تیرۆر و هەڕەشە و کردارەکانى داعش، هەڵبژاردنەکان و داهاتووى سیاسیى عێراق، دۆخى ئاوارە و پەنابەران، مەترسى و کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەشوهەوا، دوایین پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەشیان، تاوتوێ کرد.
جۆرزێف بۆرێڵ وێڕاى پێزانینى یەکێتیى ئەورووپا بۆ رۆڵى هەرێمى کوردستان لە رووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنى داعش و پێشوازیى لە ئاوارە و پەنابەران و پاراستنى پێکهاتەکان، بەردەوامیى پشتگیریى و هاریکاریى یەکێتیى ئەورووپاى بۆ هەرێمى کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
لاى خۆیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رۆڵى یەکێتیى ئەورووپاى لە عێراق و هەرێمى کوردستان و یارمەتیدانیان بۆ بەهێزکردنى دامەزراوەکانى وڵات و چاکسازى و یارمەتیدانیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بەرز نرخاند و دووپاتى کردەوە کە کێشەکانى عێراق پێوستییان بە چارەسەرى سیاسى و بەرپرسیاریەتیى هاوبەش لەسەر بنەماى دەستوور هەیە.
دواى کۆبوونەکەش لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیى هاوبەشدا، باسیان لە ناوەڕۆکى کۆبوونەوە و تەوەرەکانى کرد. لەمبارەیەوە سەرەتا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتى: "بەخێرهاتنی بەڕێز بۆرێڵ، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا دەكەم بۆ هەولێر و بۆ عێراق، بە خێر بێن. ئەم سەردانە زۆر بەرز دەنرخێنین كە لە كاتێكی گرنگدا ئەنجام دەدرێت و نیشانەى پابەندیی یەكێتیی ئەورووپایە بەرامبەر بە عێراق و هەرێمى کوردستان".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "لەسەر كۆمەڵێك پرس گفتوگۆمان کرد، لەوانە: ئاسایش و سەقامگیریى، پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا و عێراق، پەیوندى و کێشەکانى هەولێر و بەغدا، شەڕی دژی داعش و هەڕەشەکانى، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و گرنگیى بەشداریى تیمەکانى یەکێتیى ئەورووپا بۆ چاودێرى، دۆخی ناوچەكە، پرسى کۆچ و چەند بابەتی دیکەى جێی بایەخی هاوبەش".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "سوپاسی وڵاتانى یەكێتیی ئەورووپا دەکەین بۆ پشتگیریى عێراق و هەرێمى کوردستان لە شەڕی دژی داعشدا، هەروەها بۆ یارمەتیی مرۆیییان. یەكێتیی ئەورووپا لە رێگەی بەرنامەکانی پەرەپێدانەوە لەسەر چەندین ئاستی جیا بە شێوەیەكی بەرچاو بۆ پەرەپێدان بە توانا مرۆیییەکان، هاوکارییان کردووین".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد کە گۆڕانی كەشوهەوا، كاریگەری بەسەر تێكڕای گۆی زەویدا هەیە و ئێمەش لە دەرەوەى ئەو کاریگەرییە نین. تا دێت روونتر دەبێتەوە كە گۆڕانی كەشوهەوا بۆ ئاسایش و پێشكەوتنی عێراق مەترسییە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كە سێ پارێزگای هەرێمی كوردستان لە پەیمانی پارێزگارانی ئەورووپا بوونەتە ئەندام، بە هۆی ئەوەی كە بە پشتگیریى یەكێتیی ئەورووپا، پلانی خۆگونجاندنی كەشوهەوا و وزەیان، پەرە پێداوە.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "یەكێتیی ئەورووپا هان دەدەین كە بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنى هەوڵەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەرنگاربوونەوەی كاریگەرییە تێكدەرەكانی گۆڕانی كەشوهەوا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە یەکێتیی ئەورووپا کرد کە بۆ بەهێزكردنی دامەزراوەكانى دەوڵەت، چاکسازیى، بەرقەراریی یاسا، فەرمانڕەواییی دروست، تواناسازیی ژنان و لاوان، هاریکارى لە بوارى ئەکادیمى و زانکۆیی و بەرەوپێشبردنى بوارەكانی کارگێڕیى دارایى و کاروبارى دادوەریدا، پشتگیریی هەرێمی کوردستان بکەن و گوتی "داواکارین هاوکار بن تا هەرێمى کوردستان لە هەموو روویەکەوە لە رێککەوتن لەگەڵ عێراق و یەکێتیى ئەورووپا، سوودمەند بێت".
نێچیرڤان بارزانی رووی قسەکانی کردە جۆزێف بۆرێڵ و گوتی، "دەمەوێ جارێكی دیکە پابەندیی خۆمان لە پەرەپێدان بە بەها هاوبەشەكانمان: دیموكراسی، ئازادیی ڕادەربڕین، ڕێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ، پێكەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و پاراستنى پێکهاتەکان، دووبارە بکەمەوە. … زۆر بەخێر بێیت".
پاشان نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ گوتى: "سوپاس جەنابی سەرۆک، سەرەتا سوپاسی جەنابتان دەکەم بۆ ئەم پێشوازییە گەرمەتان لە هەولێر".
جۆزێپ بۆرێڵ گوتیشی: "خۆشحاڵم کە گەشتەکەم بۆ عێراق لەم هەرێمە، هەرێمی کوردستانی عێراق، کۆتایی پێدێنم، چونکە ئەستەمه سەردانی عێراق بکەیت و بایەخێکی زۆر بە هەرێمی کوردستان نەدەیت".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە گفتوگۆیەکی پڕ بەرهەممان هەبوو لەبارەی کۆمەڵێک پرسی جێی بایەخی هاوبەش کە جەنابی سەرۆک ئاماژەی پێ دا. ئێمە دەزانین ئەم هەرێمە لە رابردوودا بە کێشەی زۆردا تێپەڕیووە و زۆر لەم ئاڵنگارییانە هێشتا ماون. من لێرەوە بە ناوی یەکێتیی ئەورووپاوە هاوسۆزی و پشتیوانیی خۆمان دەردەبڕم. یەکێتیی ئەورووپا دۆست و هاوبەشە و هەروایش دەمێنێتەوه".
جۆزێپ بۆرێڵ راشیگەیاند "لەم کاتە سەختانەدا، هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گرنگ لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا دەگێڕێت، هەر بۆیە ئێمە بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دەستەڵاتە فیدراڵییەکان لە بەغدا دەدەین. ئێمە لە سەختییەکان تێدەگەین و هانی هەموو هەوڵەکان دەدەین بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و دەستەبەرکردنی هاوکاری، بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەی هەموو هاوکارییەکین".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش گوتیشی: "لە گفتوگۆکانم لەگەڵ جەنابی سەرۆکدا، دەرفەتی ئەوەم هەبوو پێزانین و ستاییشی خۆم بۆ یارمەتیی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیى دژی داعش بگەیەنم. پشتگیریى گرنگی خەڵکی کوردستان، کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی هەبووه لە شەڕی دژبە داعشدا. ئێمە لە یەکێتیی ئەورووپا بە تەواوی پابەندی ئەو هاوپەیمانییه جیهانییەین".
جۆزێپ بۆرێڵ باسی لە مەترسییەکانی داعش کرد و گوتی: "شەڕی دژی داعش بە داخەوه کۆتاییی نەهاتووه، هێرشەکان بەم دواییە هەروا بەردەوامن، هەر بۆ ئەم مەبەستە خۆشحاڵم رایبگەیەنم کە لەم هاوینەدا ئێمە ئەرکی راوێژکاریی خۆمان لە عێراق بە کردنەوەی شوێنێکی هەمیشەیی لە هەولێر فراوان کردووە. تیمەکەی ئێمە ئامادەیە راوێژ و کاری پسپۆڕی لە بواری ئاسایشی مەدەنیدا پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات. ئەم ئەرکه نوێیە لەو شوێنانەدا دەستی پێکردووه کە پشتگیریى ئێمەیان پێویستە".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش رووی قسەکانی کردە نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پێزانینم بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕى بۆ ئەو جوامێرى و بەرپرسیاریەتییەى بەرامبەر زۆر کەس و زۆرێک لە ئاوارەکانى ناوخۆى دەستى داعش نیشانتان دا کە لە نێویاندا زۆر لە خەڵکى مەسیحى و ئێزدى هەبوون. جەنابى سەرۆک، هەوڵەکانتان زۆر بەرچاون، ئێوە لە ماوەى شەش مانگدا توانیتان پێشوازیى لە دوو ملیۆن ئاوارە بکەن کە دەکاتە سێیەکى ژمارەى دانیشتوانى هەرێمى کوردستان، باوەڕ ناکەم لە هیچ شوێنێکى دیکە نموونەى کارێکى وا گەورەى پێشوازى و هاوکاریکردنى خەڵک هەبێت".
گوتیشی "دەزانم ئەمە زۆرى تێدەچێت، بۆیە دەبێ ستایشى جەنابتان و خەڵکى کوردستان بکەم بۆ ئەو هەموو هاریکارییە. هەوڵ دەدەین ئەوەى لە توانانماندا بێت، یارمەتیتان بدەین، لە ساڵى 2019ـەوە تا ئێستا نزیکەى 240 هەزار کەس لە عێراق لە خزمەتگوزارییەکانى یەکێتیى ئەورووپا لە کەمپەکان سوودمەند بوون، پشتگیریش لەو پرۆژانە دەکەین کە دەبنە هۆى باشترکردنى پەیوەندیى نێوان ئاوارەکان و خەڵکى ناوچەکە".
هەر سەربارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جۆزێف بۆرێڵ گوتی: "دەرفەتمان هەبوو گفتوگۆ لەسەر چەندین پرسى ناوچەیى بکەین کە جێى بایەخى هابەشمانن. ئەم ناوچەیە لە جوگرافیایەکى ئاڵۆزدا هەڵکەوتووە، هەر لەم چوارچێوەیەدا دوایین پێشهاتەکانیش وەک ئەوەى ئەفغانستان رەچاو دەکەین، باسمان لە دۆسیەى کۆچ کرد کە بۆ ئێمە و ئەندامانى یەکێتیى ئەورووپا گرنگە".
نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش جارێکی دیکە رووی کردەوە نێچیرڤان بارزانی و گوتی: "جەنابى سەرۆک، بە گفتوگۆمان دەربارەى مافەکانى مرۆڤ خۆشحاڵ بووم، لەسەر گرنگیى ئازادیى رادەربڕین و راگەیاندن هاوڕا بووین وەک بەشێک لە دیموکراسییەکى تەندروست بۆ کۆمەڵگەیەکى مەدەنیى ژیاندۆست و خاوەن رۆڵێکى کارا لەسەر بنەماى یاسا ناوخۆییەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. میدیاى ئازاد و سیستەمى دادپەروەرى قەزا، بنەماى کۆمەڵگەیە".
گوتیشی: "ئەمانە پەیامەکانى کۆبوونەوەم بوون لەگەڵ جەنابى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان. لەمەودوا پێشبینى هاوبەشییەکى پتەوتر لەگەڵ ئێوە دەکەم و هیوادارم دەرفەتى دووبارە سەردانى ئەم ناوچە جوانەیەم هەبێت".
جێی ئاماژەیە، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێف بۆرێڵ دوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان.
news_share_descriptionsubscription_contact



