Sarmand Hameed
07 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازیی لە نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە بارەگای بارزانی بڵاوکراوەتەوە، لە دیدارەکەدا نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش ستایشی رۆڵی مەسعود بارزانی کردووە لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و، رایگەیاندووە کە ئاگاداری تێکۆشان و خەباتی گەلی کوردستانە. ھەروەھا پێزانینی ھەبووە بۆ رۆڵی ھێزی پێشمەرگە و گەلی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان و پێشوازیکردن لە سەدان ھەزار ئاوارە و پەنابەر.
جۆزێف بۆرێڵ ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئاسایش و ئازادی و خوشگوزەرانیی گەلی کوردستان بۆ یەکێتی ئەورووپا بایەخی تایبەتی ھەیە و پاڵپشتیی یەکێتیی ئەورووپای بۆ گەلی کوردستان دووپات کردووەتەوە.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا مەسعود بارزانی سوپاسی ھاوپەیمانانی کردووە کە لە شەڕی تیرۆریستاندا یارمەتیی گەلی کوردستانیان داوە و جەختیشی لەوە کردووتەوە ھەر میللەتێک ئیرادەی بەرخودانی ھەبێت ئەوە یارمەتیی دۆستان و ھاوپەیمانانیش کاریگەریی باشی دەبێت.
ھەڕەشەی تیرۆریستانی داعش تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوەیە بوون و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی داعشی بۆ شاندی میوان شی کردووەتەوە و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ھەڕەشەی تیرۆر و داعش ھێشتا ھەر ماوە چونکە ھۆکارەکانی دروستبوونی داعش ھێشتا ماون و چارەسەر نەکراون.
مەسعود بارزانی راشیگەیاندووە "فەرھەنگی دەوڵەمەندی پێکەوەژیان لەناو گەلی کوردستان رێگر بووە لەوەی تیرۆریستان بتوانن لەناو گەلەکەماندا پێگەیەک بۆ خۆیان دروست بکەن".
لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا رۆشنایی خراوەتە سەر ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و ھەردوولا ھیوای ئەوەیان خواستووە کە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکانی ببنە ھۆی گۆڕانکاری و سەقامگیریی و بەدیھاتنی ویستی ھاووڵاتییان.