Heman Hussein Yaseen
09 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2021
هەولێر - AA
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت کە تا ئەو چرکەساتەش پۆستی سەرکۆماری عێراق پشکی یەکێتیی و ئاشکرایشی دەکات کە حەز دەکەن ئەو پۆستە لەلای ئەوان بمێنێتەوە و لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ئەوە دەخاتەڕوو کە پەیوەندیی ئەو دوو حزبە وەک زەواجی کاسۆلیکی لێهاتووە و تەڵاقدانی تیادانییە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و هەڵسەنگاندنیان بۆ دوای پڕۆسەکە، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "راستە بەرەو دەنگدانی کۆتایی دەچین، لەراستیدا ھەڵمتێکی ھێمنانە بەڕێوەچوو، ھیوادارین کە لەدوای ھەڵبژاردنیش و دەرنەجامی ھەڵبژاردنیش بەیەکەوە دابنیشین و گفتوگۆ لەسەر ئەنجوومەنی نوێنەران و دۆخی کارکردن و بەرنامەی حکوومەت قسەی بکەین، چونکە ئێمە لە رابردوودا وەکو باقی عێراق کە خۆپێشاندانییان کرد لەسەر قراری موستەقیلی عێراقی، ئێمەیش دەبێت گفتوگۆ بکەین لەسەر تەمبەڵی لە خوولەکانی رابردووی پەرلەمانی عێراق لە جێبەجێنەکردنی ماددەکانی دەستووریی بەتایبەتی ماددەی ١٤٠ کە ئەمە یەکێکە لە بەربەستە ھەرە گرنگەکانی پێکەوە کاردکردن لە عێراق".
بانگەشەی ئەمجارە جیاوازتر لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پێشووتر، کەمێک هێمنتر بەڕێوەچوو، لەبارەی هۆکاری ئەم ئارامییەش، سەعدی پیرە دەڵێت: "ھۆکارەکەی ئەوەیە ئەمجارەیان ھەڵبژاردنی پێشوەختەیە کە لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانانەی یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ ھات، چونکە خۆپیشاندەران دەیانگوت ئێمە موالیین بۆ عێراق و بڕیارەکان لە عێراق نادرێت بەڵکو لە وڵاتانی دەوروبەری عێراق دەدرێت و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێڕاق ھەیە و ئەمەش وایکردووە کە عێراق وەکو پیاوێکی نەخۆش لەسەر مێزی چارەسەر بێت و تەنیا بە دەرمان لێناگەڕێن بمرێت و، ئێمە دەمانەوێت عێراق لە قەراغی ئەوەی پێی دەڵێن لا دەولە، رزگاری ببێت، بۆیەش ئەو ھەڵبژاردنە ئەنجام درا".
سەعدی پیرە دەشڵێت: "لەم هەڵبژاردنەدا دوو رەگەزی نوێ ھاتە ناو پڕۆسەکە، رەگەزی یەکەم ئەوەیە کە کۆمیسیۆنی باڵای بێلایەن لە دادوەرەکان بوو نەک نوێنەری حزبەکان، دووەمیشیان عێراقی ١٨ بازنە، بووە ٨٣ بازنە و ئەمجارە ھەوڵدان بۆ ساختەکاریی زۆر زەحمەتە، ئەمەش پەیامێکە بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان چونکە قسەمان لەسەر ئەنجوومەنێکی نوێنەرانی نادروستە، بۆیەش ھەڵبژاردنێکی پێشوەختە دەکەین، ئێمەی کوردستانیانیش بەلایکەمەوە ھەوڵدەدەین رووی شارستانیی ئەم بانگەشەی ھەڵبژاردنە نیشانی دونیا بدەین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەربارەی پۆستی سەرکۆماری عێراق کە لە حەفتی نیسانی ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، سەعدی پیرە دەڵێت: "بۆ پۆستی سەرکۆمار لە عێراق یاسایەک نیە کە کام سەرۆکایەتیی بۆ کام لابێت، بەڵام بووە بە عورف کە پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ عەرەبی شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ عەرەبی سوننە بێت، ھەروەھا نەک کورد بەڵکو غەیرە کوردیش لاریی نییە کە سەرکۆمار بۆ کورد بێت، دوای ئەوەش کوردەکان دادەنیشن و سەیر دەکەین کە کێ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی ھەیە و، کێ پۆستی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی ھەیە، کێ جێگری سەرۆکوەزیران و کێ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ھەیە، لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆ دەکەین و پۆستی سەرکۆمار یەکلایی دەبێتەوە".
سەعدی پیرە دەشڵێت: "تا ئەم کاتەش پۆستەکە ھی یەکێتیی نیشتمانییە و حەز دەکەین جارێکی دیکەیش بدرێتەوە بە ئێمە".
لەبارەی کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پۆستی سەرکۆماری داهاتووی عێراق، سەعدی پیرە دەڵێت: "ئەمە پرسیارێکی قورسە، ئەو بابەتە دەبێت لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بازەکە لەسەری کێ نیشتەوە ئەو دەبێتە سەرکۆمار".
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو دوو پێکهاتەی سەرەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن و لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانیشیان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەعدی پیرە دەڵێت: "ئێمە و پارتی دەبێت پەیوەندیمان باش بێت، چونکە وەزیفەی ئێمە ئەوەیە کە ئەو ھەرێمە کێ بەڕێوەی ببات، پارتی و یەکێتی مەحکوومن بەیەکەوە ئەم ھەرێمە بەڕێوەببەن، ئەمە بووە بە زەواجی کاسۆلیکی و تەڵاقی تیادا نییە".
جێی ئاماژەیە، سبەی یەکشەممە، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت کە تیاییدا ٢٤ ملیۆن و ٩٠٧ ھەزار و ٦٧٩ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە ١٤ ملیۆن و ٣١٦ ھەزار و ٢٣٧ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و ٤٨٦ ھەزار و ٧٨٧ کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٩٤١ ھەزار و ٣٠٦ کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بووە.
بە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان، ھەولێر، سلێمانی و دھۆک ٤٤ کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، ١٨ کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی ھەڵبژاردن دابەش بووە، ١٥ کورسی ھەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و ١١ کورسی دھۆکیش بەسەر سێ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە ھەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دھۆکە.
لەم ھەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ ھەزار و ٢٤٠ بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی ٢١ ھاوپەیمانی و ١٠٩ لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ ھەزار و ٢٤٩ کەس بوون بەڵام یەکێکیان گیانی لەدەستدا و کۆمیسیۆنیش بە تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دوورخستەوە.