Heman Hussein Yaseen
24 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
سبەی دووشەممە، شاندەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بوودجە و پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق سەردانی بەغدا دەکاتەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بۆ گفتوگۆی تایبەت بە پرسی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق، لەگەڵ شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کۆبووەوە و بڕیاردرا کە سبەی دووشەممە شاندەکە بەرەو بەغدا بەڕێ بکەوێت".
دوێنێ شەممە، شاندەکەی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەمان مەبەست سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە و لەمبارەیەوەش گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ئەندامانی شاندەکە ئەو پڕەنسیپانەیان خستەڕوو کە لە ئەنجامی سەردانەکە گەڵاڵە بوون و دەبنە بنەمای رێککەوتنی کۆتایی پرسی پڕۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠، بەجۆرێک کە بەرژەوەندی ھاوبەشی ھەردوولا رەچاو بکرێت و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان دابین بکرێت کە لە دەستووردا ھاتووە لە بەرامبەر پابەندبوونەکانی ھەرێمی کوردستان".
بەپێی زانیارییەکان لە ساڵی ٢٠٢٠، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر وەرگرتنی شایستە داراییەکانیدا، رۆژانە بڕی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەکات.
شاندەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکھاتووە لە وەزیری دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری بەغدا، خالید شوانی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم.