Zana Natık Kerem
24 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2019
عێراق ــ AA
سەرچاوەیەكی پزیشكی رایگەیاند كە بەهۆی پێكدادانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران لە شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار باشووری عێراق، دوو خۆپیشاندەر كوژراون و ٣٥ی دیكەش برینداربوون.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، سەدان خۆپیشاندەر هەوڵیاندا لە پردی زەیتون ناوەڕاستی شاری ناسرییە نزیكببنەوە، بەڵام لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی راستەقینە بڵاوەیان پێكرا کە بەهۆیەوە پێكدادان لەنێوان هەردوولادا روویداوە.
سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی تەندروستی زیقار كە نەیوست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە بەهۆی پێكدادانەكەوە تا ئێستا، دوو خۆپیشاندەر كوژراون و ٣٥ی دیكەش برینداربوون.
پێشتر سەرچاوەیەكی پزیشكی رایگەیاندبوو كە بەهۆی هەوڵی هێزە ئەمنییەكان بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران لە ناوەڕاستی شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار، ١٥ خۆپیشاندەر برینداربوون.
بەپێی ئەو ئامارەی كە لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق بڵاوكراوەتەوە لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەی كە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی رابردووەوە لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی باشووری عێراق بەڕێوەدەچن، تا ئێستا لانیكەم ٣٤٠ خۆپیشاندەر كوژراون و نزیكەی ١٥ هەزار كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان برینداربوون.