Zana Natık Kerem
25 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2018
نەینەوا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بە ئامانجی راگەیاندنی لیستەكەی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەردانی شاری مووسڵ دەكات و بۆ ئەم مەبەستەش هێزە ئەمنییەكان، رێوشوێنی توندیان لە شارەكە گرتووەتەبەر.
ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، عەقید ئەحمەد جبوری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە رێوشوێنی ئەمنی توند لە چەند ناوچەیەكی شاری مووسڵ گیراوەتەبەر كە چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆكوەزیران، حەیدەر عەبادی سەردانیان بكات.
ئەحمەد جبوری گوتی: "لەچوارچێوەی پڕۆگرامی سەردانەكەی بۆ مووسڵ، حەیدەر عەبادی لیستەكەی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە شارەكە رادەگەیەنێت".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا، لیستەكەی حەیدەر عەبادی بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە شاری مووسڵ وەزیری بەرگری پێشوو، خالید عوبێدی سەرۆكایەتی دەكات كە 62 كاندیدكراو لە كەسایەتی شارەكە لە خۆدەگرێت.
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە لە میانی سەردانەكەی بۆ شاری مووسڵ، حەیدەر عەبادی بەردی بناغە بۆ دروستكردنی ژمارەیەک یەكەی نیشتەجێبوون لە بەشی چەپی شارەكە دادەنێت.
بڕیارە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە 12ی مانگی ئایاری داهاتوو بەڕێوەبچێت كە تیایدا حەوت هەزار و 367 كاندید، ركابەری لەسەر 328 كورسی دەكەن.
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاندووە كە لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا لە كۆی 37 ملیۆن كەس، 24 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە.