ھەولێر
دوای شەش ساڵ ئاسایش زنجیرە تەقینەوەیەک ھەولێر دەھەژێنێ، شێوازی ھێرشەکەش تاکتیکی نوێیە لە کوردستان جێبەجێ دەکرێ.
فەرید ئەسەسەرد، بەرپرسی سەنتەری کوردستان بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لەبارەی تەقینەوەکانی شاری ھەولێرەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی، ئەو شێوازەی لە ھێرشەکاندا گیراوەتە بەر لاساییکردنەوەی ئەو شێوازانەیە کە چەند مانگێک لەمەوبەر لە ھێرشەکانی شاری کەرکوک و بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراقی بەکار ھاتوون.
ئەسەسەرد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "تەقینەوەکان بەڵگەی ئەوەن کە ئەوانەی لە ناوچەکانی تری عێراق ئەو جۆرە ھێرش و تەقینەوانە ئەنجام دەدەن توانیویانە لە ھەرێمی کوردستانیش لقیان ھەبێ، چونکە شێوازی تەقینەوە و ھێرشەکەی ھەولێر ھەمان ئەو شێوازەیە کە رێکخراوی قاعیدە پەیڕەوی دەکا".
ھەرێمی کوردستان بە ئارامترین ناوچەی عێراق دادەنرێت، دواین تەقینەوەی گەورە لە شاری ھەولێر لە ٩/٥/٢٠٠٧ لە رێگەی بارھەڵگیرێک کە ٨٠٠ کیلۆگرام تی ئێن تیی ھەڵگرتبوو روویدا و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کردە ئامانج لە نزیک شوێنی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی ھەولێر.
تەقینەوەکەی ھەولێر لەرێگەی دوو ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و شەش کەسی خۆکوژەوە ئەنجامدراوە و شەش کوژراو و زیاتر لە ٦٠ کەس برینداریان لێکەوتەوە، کە زۆرینەیان کارمەندەکانی ئاسایش و پۆلیسن.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسی سەنتەری کوردستان بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێ"تا ئێستا دیار نییە مەبەستی قاعیدە لەم تەقینەوەیەی ھەولێر چییە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەوانە چۆن توانیویانە بگەنە ناو ھەرێمی کوردستان لە کاتێکدا چەندین ساڵە ئاسایشی ھەرێم پارێزراوە، ئایا بەڵگەی کەمتەرخەمیی ئاسایشە، یان قاعیدە شێوازی تری گرتووەتە بەر بۆ دزەکردنە ناو ھەرێم، ئەمانە بە لێکۆڵینەوەی زیاتر روون دەبێتەوە".