Sarmand Hameed
29 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2020
هەولێر - AA
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی پێشوازی لە کۆنسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەولێر، رۆبەر واڵەر کرد.
لاهور شێخ جەنگی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ واڵەر لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک نووسیوویەتی: "خۆشحاڵ بووم بە بینینی بەرێز رۆبەرت واڵەر کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، پێكه‌وه لەسەر هەندێک پرسی گرنگی تایبه‌ت به خه‌ڵك و هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆمان كرد".
لاهور شێخ جەنگی راشیگەیاندووە "لەو دیداره‌دا جەختم کردەوە کە یەکێتیی و یەکبوونی گه‌لی کوردستان، بنەمای سەرەکیی پرۆسەی سیاسیی هه‌رێمه و، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیەوێت هاوبەشێکی راستەقینە بێت لە حکوومەت و حوكمڕانی دا. پێگه‌ی ئێستای یه‌كێتی و قوربانیدان و خه‌باته مێژووییه‌كه‌ی، ئه‌وه ده‌خوازن كه پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی بێت لە درووستكردنی بڕیار‌و خاوه‌ندارێتی كردن له چارەسەرە سەرەکی و ستراتیژییەکاندا. دووپاتم كرده‌وه کە یەکێتی، به‌راورد به چه‌ند ساڵی رابردووی، ئێستا حزبێکی به‌هێزتره، سەرکردایەتییەکی یەکگرتووی هەیە و سه‌ركه‌وتنی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی حوكمڕانیی ژیرانه و ته‌ندروست له هه‌رێمی كوردستان، پێویستی به به‌رنامه و تواناكانی یه‌كێتییه".
هاوسەرۆکی یەکێتی لەبارەی پرسی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە "له ته‌وه‌رێكی تر باسی پرسی چاكسازییم كرد. باوه‌ڕی خۆم نیشاندا كه، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین چاکسازییەکی بنچینه‌یی و گەورە بكه‌ین له دۆخی كوردستاندا، پێویستە پێشوه‌خته شەفافییەتێکی تەواومان هەبێت لە داهاتی حکوومەتی هه‌رێمدا، پێویستە پێداچوونەوە بکەین بە داهاتەکانی حکوومەت و داهاتی خاڵە سنوورییەکان و هه‌روه‌ها رێککەوتنەکانی نەوت و گاز به شه‌فافییه‌ت ئاشكرا بكرێن، و به هیچ جۆرێك دادپه‌روه‌رانه نییه و ناکرێت 'چاکسازیی' تەنها مووچەی فەرمانبەران بگرێتەوە".
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا رایگەیاندووە "جەختمكردهوه لە گرنگیی و بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان هه‌ردولا بۆ ئه‌وه‌ی رێککەوتنێکی بنچینه‌یی لەسەر بوودجەی هه‌رێم بێته ئاراوە، کە سوودی بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان هەبێت".