Mazın Asad
28 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2016
وەزیری بەرگری ئەمریکا، ئاشتۆن کارتەر بەھۆی رزگارکرانی فەللوجە لەدەست داعش، پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی کرد.
کارتەر لە راگەیەندراوێکیدا لەبارەی رزگارکردنی فەللوجە لەدەست رێکخراوی تیرۆریستی داعش رایگەیاند: "بەھۆی سەرکەوتنەکان لەبارەی رزگارکردنی شاری فەللوجە لەدەست داعش پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی و گەلی عێراق دەکەم". ھاوکات روونیشی کردەوە کە ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان درێژە بە پشتگیرییەکانیان بۆ ھێزەکانی عێراق دەدەن.
وەزیری بەرگری ئەمریکا ئاشکراشی کرد کە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی فەللوجە ھەم بۆ ھێزەکانی عێراق و ھەمیش بۆ ھێزەکانی ھاوپەیمان کارێکی سەخت بوو و بەم پێیەش رایگەیاند چاوەڕێی ئەرکی گەڕاندنەوەی ھاووڵاتیانی شارەکە و دووبارە بونیاتنانی شارەکە دەکەین.
ھاوکات لەبارەی کوژرانی خەڵکی مەدەنی لە لایەن میلشیا شیعەکانەوە، کارتەر گوتی: "ئەو لێکۆڵینەوانەی لەبارەی دەستدرێژییەکانی بەرامبەر بە خەڵکی سڤیل دەستی پێکردوە زۆر گرنگە".
ئەوەشی خستەڕوو کە رزگارکردنی فەللوجە، عێراق بۆ رەوشێکی باشتر دەبات و راشیگەیاند ھەنگاوێکی دیکە بۆ لەناوبردنی داعش نزیک بوونەتەوە.
-ئامانجی نوێ مووسڵە
لە لایەکی ترەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، ژێف دافیس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە پنتاگۆن رایگەیاند دوای رزگارکردنی فەللوجە، ئامانجی دواتریان چڕبوونەوەیە لە شاری مووسڵ.
دافیس ئاماژەی بەوەش دا کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ئۆپەراسیۆنەکەی فەللوجە زیاتر لە ١٠٠ ھێرشی ئاسمانیان ئەنجام داوە و ئاشکراشی کرد کە لە ماوەی ساڵێکی دواییدا داعش کۆنترۆڵی ھیچ شوێنێکی ستراتێژی نەکردووە.