ھەولێر
ئەمڕۆ پەرلەمانتاری سەربەخۆی دیاربەکر لەیلا زانا و سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر عوسمان بایدەمیر بەسەردانێک گەیشتنە شاری هەولێر بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی کۆ ببنەوە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی کوردستانی سوریا.
عوسمان بایدەمیر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نووسینگەی BDP لە هەولێر گوتی: "ئێمە لە هەوڵدان بۆ لێک نزیککردنەوەی سەرجەم لایەنە کوردیەکان بەگشتی و لایەنە کوردیەکانی سوریا بەتایبەت بەردەوامین، ھیوامان ئەوەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی گشتی لە ھەولێر بە پشگتیریی سەرۆک مەسعود بارزانی بەرێوە بچێ، لەو کۆبوونەوەیەش بەیاننامەیەک ئامادە دەکرێ تا ببێ بە رێخۆشکەر و بنەمای یەکگرتوویی بۆ ھەموو حزبەکانی کورد و بەتایبەتی رۆژئاوای کوردستان تا کۆتایی بە کێشەکان بێنین."
ھەروەھا گوتی: "پێویستیی گەورەی کورد لەو سەردەمە تەنیا یەکێتی و یەکریزییە وتا بەرھەمەکانیان پشتگیری لە سەرکەوتنەکان بکەن."
بایدەمیر گوتی: "ھەموو کێشەکان لەناو کورد چارەسەر دەکرێن، ئێمە دەستی برایەتی و دیموکراسی بۆ یەکتر درێژ دەکەین، لەم هەلومەرجەی ئێستادا ئەگەر کەسیش حەزی لێ نەبێ ئێمە بۆ ئاشتی و دیموکراسی کۆشش دەکەین، تا کورد ھەموو بەیەک دەنگ لە جنێڤ ٢ بەشدار بن."
لەیلا زانا لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا گوتی: "لە ھەموو دیرۆکی کورد ھەر کاتێک کورد یەکی گرتبێ ئەوا سەرکەوتوو بوون، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەبووبێ ئەوا دووچاری روخان بوون، با کورد بە دەنگ و رەنگی زۆرینەی خۆی یەکگرتوو بن و دیالۆگ لە بیر نەکەین و ئاشتی لەنێویان بەرقەرار بێ، بەو شێوەیە ئاشتی و ئارامی و دیموکراسی لە رۆژھەڵاتی ناوەراست سەقامگیر دەبت."