Zana Natık Kerem
16 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2017
نەینەوا ــ AA
ژمارەیەك لە سەرۆكهۆز و كەسایەتی شاری مووسڵ لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ جێگری سەركۆماری عێراق، ئەیاد عەللاوی نیگەرانی و مەترسی خۆیان لە بەرامبەر خراپبوونی رەوشی ئەمنی شارەكەیان نیشان دا.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی جێگری سەركۆماری عێراق بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە كە ژمارەیەك سەرۆكهۆز و كەسایەتی مووسڵ لەگەڵ ئەیاد عەللاویدا، كۆبوونەوە.
بە پێی بەیاننامەكە لە كۆبوونەوەكەدا، رەوشی مووسڵ و دۆزینەوەی رێگە چارەیەك بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەو لێكەوتە و كێشانەی كە لە دوای قۆناغی داعش لە شارەكە سەرهەڵدەدەن تاوتوێ كران.
لە بەیاننامەیەكدا هاتووە كە لە میانی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكهۆز و كەسایەتییەكانی مووسڵ نیگەرانی و مەترسییەكانی خۆیان سەبارەت بە ئەگەری خراپبوونی رەوشی ئەمنی شارەكەیان بە ئەیاد عەللاوی راگەیاندووە كە هۆكارەكەشی بۆ بوونی دەستتێوەردانە دەركی و گرووپە چەكدارە ناوخۆی و بیانییەكان لە مووسڵ گەڕاندووەتەوە.
لە بەیاننامەیەكدا ئاماژە بەوەش دراوە كە سەرۆكهۆز و كەسایەتییەكانی مووسڵ داوایان لە ئەیاد عەللاوی كردووە لە رێگەی حكوومەتی فیدراڵ و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە كە دەبنە هۆكار بۆ خراپبوونی رەوشی ئەمنی مووسڵ و لەگەڵ دەستبەركردنی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاساییكردنەوەی رەوشیان و بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لە مووسڵ بێتە سەر هێڵ.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە كە لە كۆبوونەوەكەدا ئەیاد عەللاوی جەختی كردووەتەوە لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش كە فەرماندە سەربازی و ژمارەیەك دانیشتوانی مووسڵ لە خۆبگرێت بۆ ئەوەی شارەكە بەڕێوەبەرن و نەخشە رێگەیەكیش بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتانی شەڕی داعش دیاری بكەن.
رۆژی دووشەممەی رابردوو سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی شاری مووسڵی راگەیاند بوو.