Zana Natık Kerem
26 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2024
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان -عێراق، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە نابێت چاوپۆشی لە بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر بکرێت و دەبێت بە توندترین شێوە سزای بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر بدرێت.
مەسرور بارزانی لە میانی ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری ھۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددەی ھۆشبەر، نیگەرانیی خۆی نیشاندا لەھەمبەر تەشەنەسەندنی ماددەی ھۆشبەر و ڕایگەیاند: "بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان، پرسێکی زۆر گرنگە بە لای ئێمەوە، بۆیە ئێمە بە ھەموو شێوەیەک کار بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر تەشەنەکردنی ئەم ھەڕەشە گەورەیە دەکەین".
گوتیشی: "لەکاتێکدا پێویستە بەتووندترین شێوە سزای بازرگانانی مادەی ھۆشبەر بدەین، بەڵام دەبێت جیاوازی بکەین لەنێوان ئەو بازرگانە تاوانبارانە و ئەوانەی بەداخەوە بە ھەر ھۆیەک بێت، دەبنە قوربانی و ئالوودەی ماددەی ھۆشبەر دەبن".
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی ھەرێم نیگەرانی خۆی نیشاندا گوتی: "ڕاستە دەستگیرکردنی بازرگانەکانی مادەی ھۆشبەر جێگای دەستخۆشییە، بەڵام نیگەرانین کە دەبینین ئەم دیاردەیە بەشێوەیەک تەشەنەی کردووە کە بووەتە ھەواڵی ڕۆژانە".
مەسرور بارزانی داواشی لە حکوومەتی فیدراڵی کرد کە ڕێوشوێنی تووندتر بگرێتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تاوانبارانەی کە بازرگانی بە ژیانی مرۆڤەوە دەکەن.
ھەروەھا داواشی کرد کە لە پێگەی سیاسی، ھێز و دەسەڵات، ھیچ پاساوێک نەمێنێت، بۆ ئەوەی چاوپۆشی لە بازرگانانی ماددەی ھۆشبەر بکرێت کە لەژێر ھەر ناوێک، وایانکردووە قوربانیی یەکەمی ئەو تاوانە، خەڵکێکی بێ تاوان بن.