Heman Hussein Yaseen
26 تشرینی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2024
هەولێر - AA
دوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن و پەسەندکردنی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەوا بەپێی (بڕگەی سێ لە ماددەی ١٠ی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم)، لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا سەرۆکی ھەرێم فەرمانی بانگھێشتکردنی ئەندامانی ھەڵبژێردراو دەردەکات بە مەبەستی ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان.
پەرلەمانی کوردستان-عێراق بەپێی (ماددەی ٤٧ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان) یەکەم دانیشتنی بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندام دەبەستێت و ئەندامەکانی سوێندی یاسایی دەخۆن.
بەپێی (ماددەی ٤٨ لە ھەمان یاسا)، لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا بە دەنگدانی نھێنی و بە دەنگدانی زۆرینەی ڕەھای ئەندامان، سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.
ئەگەر ٤٥ ڕۆژ بەسەر بانگھێشتنامەکەی سەرۆکی ھەرێمدا تێپەڕی و پەرلەمان یەکەم دانیشتنی ئەنجام نەدا، ئەوا بەپێی بڕگەی ( ٤ لە ماددەی ١٠ی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم)، پەرلەمان ھەڵدەوەشێتەوە.
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە دوای ٣٠ ڕۆژ لە ھەڵبژاردنیان، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم دەکاتەوە دوای ئەو ماوەیە، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ناوی بەربژێرەکان وەردەگرێت و ماوەی دوو ڕۆژیش ناوەکان ڕادەگەیەنێت، دواتر لەماوەی سێ ڕۆژدا تانەکان بنەبڕ دەکات، ئینجا سەرۆکی ھەرێم بە دەنگدانی ئاشکرا و بە دەنگدانی زۆرینەی ڕەھای ئەندامانی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت.
دواتر پەرلەمانی کوردستان-عێراق بەپێی (خاڵی سێ لە ماددەی ٥٦ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان)، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەستنیشان دەکات بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ، ئەویش دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەی هەیە لە نێوان ئەندامانی پەرلەمان یان کەسانی دیکەدا ، دواتر سەرۆکی ھەرێم داوای لێدەکات کە لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا کابینەکەی پێکبھێنێت.
ھەروەھا بەپیی( خاڵی سێ لە بڕگەی چوارەمی ماددەی ١٠ی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم)، ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە سێ کابینەی وەزاریی یەک بەدوای یەکی جیاوازدا نەکرد، ئەوا پەرلەمان ھەڵدەوەشێتەوە.