Sarmand Hameed
03 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2021
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی کرد لە كۆنسولی گشتیی نوێی سعوودیە لە ھەولێر، محەمەد بن سلێمان عەسیری.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە کە لە دیدارەکەدا، كۆنسولی نوێی سعوودیە لە ھەولێر پێزانینی بۆ گەشەسەندن ھەرێمی کوردستان ھەبووە کە سەرباری بوونی تەحەددیاتی زۆر بوژانەوەی بەرچاو لە ھەرێمی کوردستان رووی داوە. ھەروەھا ویستی وڵاتەکەشی بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە بواری سەرمایەگوزاری و ئابووری و بوارەکانی دیکە بە مەسعود بارزانی راگەیاندووە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە مەسعود بارزانی رۆشنایی خستووەتە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کوردستان و سعوودیە و سوپاسی سعوودیەی کردووە کە لە کەمکردنەوەی قورسایی باری ئاوارەکان ھاوکار و یارمەتیدەری ھەرێمی کوردستان بووە، ھەروەھا ھیوای سەرکەوتنی بۆ كۆنسولی نوێی سعوودیە لە ئەرک و کارەکانی لە ھەرێمی کوردستان خواستووە.