Fahrettin İbrahim
24 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە راوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، رۆبەرت کارەم و شاندى یاوەرى کرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، نێچیرڤان بارزانى بۆ شاندی میوان جەختى لەوە کردووەتەوە کە هەرێمى کوردستان دەیەوێت هەموو کێشەکانى لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق لە رێگەى دیالۆگ و لێکگەیشتن لەسەر بنەماى دەستوورى عێراق چارەسەر بکات.
نێچیرڤان بارزانى لە بارەی دۆخی عێراق بە شاندی میوانی راگەیاندووە کە هەرێمى کوردستان ئامادەى هەموو هاوکارییەکە بۆ ئارامى و سەقامگیریى عێراق و رایگەیاندووە کە دۆخى عێراق و خۆپیشاندان و رووداوەکان لە بەغدا و پارێزگاکانى دیکە، کاریگەرییان لەسەر هەرێمى کوردستان دەبێت، هەروەها هاوکاریى ئەمریکا و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بە پێویست زانیوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق ئامادەى بوو، هەردوولا دوایین پێشهاتەکانى عێراق و ناوچەکە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانیان تاوتوێ کردووە و جەختیان لە پێویستیى گەیشتنی عێراق بە ئارامى و سەقامگیریى سیاسى و ئەمنى، هەروەها تێگەیشتنى دروست لە داوا رەواکانى خۆپیشاندەران و خۆدوورگرتن لە توندوتیژى کردەوە.
دۆخ و پێشهاتەکانى ناوچەکە بەگشتى و مەترسی سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و چۆنیەتى رووبەڕووبوونەوەى، رەوشى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان، هەروەها چەند پرسێکى دیکەى مایەى بایەخى هەردوولا، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەکە بوون.