Zana Natık Kerem
24 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2019
بەغدا ــ AA
فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكان سەربە دەستەی دەستپاكی گشتی عێراق رایگەیاند كە دادگای تاوانەكانی رەسافە، بە تاوانی زیانگەیاندن بە دارایی گشتی سزای سێ ساڵ زیندانیكردن بۆ ئەمینداری پێشووی بەغدا دەركردووە.
لە راگەیەندراوێكی فەرمانگەی لێكۆڵینەوەكانی سەربە دەستەی دەستپاكی گشتییدا هاتووە، "تاوانبار ئەو گرێبەستەی جێبەجێنەكردووە كە لەگەڵ یەكێك لە كۆمپانیاكانی تایبەت بە كەرتی پاككردنەوە لە فەرمانگەی شارەوانییەكانی رەسافە واژووی كردبوو، بۆیە لە بەرامبەردا كۆمپانیاكە سكاڵای لەسەر ئەمنیدارێتی گشتی بەغدا تۆماركرد بەهۆی ئەوەی پابەندی جێبەجێكردنی گرێبەستەكە نەبووە كە بەهۆیەوە زیان بە دارایی گشتی كەوتووە".
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە كە دادگای تاوانەكانی رەسافە پشتبەستن بە ماددەی ٣٣١ لە یاسای سزاكانی عێراق بە تاوانی زیان گەیاندن بە دارایی گشتی، سزای سێ ساڵ زیندانیكردنی بۆ ئەمینداری پێشووی بەغدا دەركردووە.