ھەولێر
سەرلە بەیانی رۆژی چوارشەممە ٤ی کانوونی یەکەم شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی مەکتەبی سیاسی زەحمەتکێشانی کرد.
پاش کۆبونەوەی لەگەڵ حیزبی زەحمەتکێشان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "گفتوگۆمان لەگەڵ حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئیجابی بووە."
لەبارەی پرسی نەوت و گازیش بارزانی گوتی: "ریکەوتمان لەگەڵ تورکیا ھەبووە، لەوچوارچێوەیە ئەوەی کراوە شتێکی شاراوە نیە و بۆ بەرژەوەندی ھەموو لایەکە."
سەبارەت بەرێگری ھەرێمی کوردستان لە ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی کورد لە سوریا نێچیرڤان بارزانی گوتی: "مەسەلەکە بەوشێوەیە نییە کە گەورە کراوە، بەڵام ئێمە لە ھەڵویستی پەیەدە نارازین، ئەوەی پەیوەندی بەئێمەوە ھەیە رێگا بەھیچ لایەنێکی سیاسی نادەین تاکڕەوانە مامەڵە بکات، وەک ھەمووتان دەزانن لەماوەکانی رابردوو وەزیری بەرگری سوریا سەردانی قامشلۆی کردوە، واتە ئەوان پەیوەندیان لەگەڵ رژێمی ئەسەد ھەیە. سیاسەتی پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان ھەڵخەڵەتاندنی گەلی کوردە. نابێ پەیەدە رۆژئاوا تەنیا بە موڵکی خۆی بزانێ."
بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد پەیەدە سیاسەتێکی خراپە پەیڕەو دەکا، پێویستە پەیەدە رێ بەلایەنە سیاسیەکان بدات بەشداربن لەکاروباری سیاسی و ئێمەش پشتیوانیان دەکەین، وەک ھەرێمی کوردستان.
بڕیارە پێش نیوەڕۆش نێچیرڤان بارزانی سەردانی مەکتەبی سیاسی حیزبی سۆشیالیست دیموکراتی کوردستان بکا. پاشان لەگەڵ لایەنەکانی تورکمان و مەسیحی کۆببێتەەوە.
ئایدن مەعروف ئەندانی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی تورکمان بۆ AA گوتی: "ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە لەگەڵ نچێرڤان بارزانی کۆدەبینەوە لەبارەی بەشداریکردنمان لە کابینەی نوێی حکومەت."