Arif Yusuf
07 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە فیرقەی نۆی زرێپۆش، رائید عەلی حەمداوی رایگەیاند كە لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، هێزە عێراقییەكان پێنج هێرشی شانە نووستووەكانی داعشیان بۆ سەر میحوەری تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، تێكشكاندووە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، عەلی حەمداوی گوتی: "ئەو تیرۆریستانەی داعش كە لە چەند مانگی رابردوودا، بەرەو بیابانەكانی رۆژئاوای پارێزگاکە هەڵاتبوون سەرلەنوێ لەگەڵ ئەو تیرۆریستانەی كە لە سووریا هەڵاتوون خۆیان رێكخستەوە".
عەلی حەمداوی روونی كردەوە كە لە میانی ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، شانە نووستووەكانی داعش پێنح هێرشیانكردە سەر هێزە عێراقییەكان لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی وشكانی ستراتیجی مووسڵ و تەلەعفەر لە عێراق و حەسەكە لە سووریا بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە لەو هێرشانەدا، تیرۆریستانی داعش چەكی سووك و مامناوەندیان بەكارهێنا، بەڵام هێزە عێراقییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆكە جەنگییەكانی سوپا، توانیان ئەو هێرشانە تێكبشكێنن.
عەلی حەمداوی ئەوەشی ئاشكرا كرد كە لە میانی تێكشكاندنی هێرشەكاندا، تاوەرێكی چاودێری و ئۆتۆمبێلێكی هێزە عێراقییەكان تێكشكێنران، هەروەها سەربازێك كوژرا و چواری دیكەش بریندار بوون و لە بەرامبەردا، پێنج تیرۆریستی داعش كوژران و دوو ئۆتۆمبێلی تیرۆریستان تێكشكێنران.