Tevfik Durul,Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
07 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2017
سیئۆل - AA
لە میانی سەردانەکەیدا بۆ کۆریای باشوور سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ''هیوادارم هێز بەرامبەر بە کۆریای باکوور بەکارنەهێنم''.
دۆناڵد ترەمپ لە رۆژی یەکەمی سەردانە دوو رۆژییەکەیدا بۆ کۆریای باشوور، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە، موون جای ئین-دا ساز کرد.
ترەمپ و موون جای ئین لە دوای کۆبوونەوەی دووقۆڵی و دیداری نێوان شاندی هەردوو وڵات کە لە ئۆفیسی سەرۆکایەتی کۆریای باشوور بەڕێوەچوو، روونکردنەوەیان سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ و بەتایبەت لەبارەی کێشەی کۆریای باکوورەوە دا.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی: ''تاقیکردنەوە ناوەکی و بالیستییەکانی کۆریای باکوور هەڕەشەن بۆ سەر هەموو جیهان. هیوادارم هێز بەرامبەر بەو وڵاتە بەکارنەهێنم''.
گوتیشی: ''کۆریای باکوور هەڕەشەیەکە لەسەر ئاستی جیهان و پێویستە لەسەر ئاستی هەموو جیهان کاری لەسەربکرێت و هەنگاوی بۆ بنرێت''.
دۆناڵد ترەمپ تیشکی خستە سەر ئەوەی ''ئەگەر پێویست بکات'' ئەوان ئامادەن بژاردەی سەربازیی بگرنە بەر و پێداگریی لەسەر باوەڕی خۆی بەوە کرد کە کێشەکە بەر لەوەی بگاتە ئەو ئاستە چارەسەردەکرێت.
ترەمپ گوتی: "نمایشێکی گەورەی هێز دەکەین، لەو باوەڕەدام ئەوان (کۆریای باکوور) تێدەگەن".
سەرۆکی ئەمریکا بانگەوازی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و رووسیا و چین کرد کە سزا بەسەر پیۆنگ یانگدا بسەپێنن و پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ کۆریای باکوور بە تەواوی کۆتایی پێبهێنن و ئاماژەی بەوەدا کە پڕچەککردنی وڵاتان بۆ ئەم رژێمە کارێکی قبووڵ نەکراوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی کۆریای باشووور، موون جای ئین گوتی: "لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا لە دانوستانداین لەبارەی کۆتوبەندەکانی جووڵەپێکردنی مووشەکەکانی بالیستی لە کۆریای باشوور دژ بە هەڕەشەکانی کۆریای باکوور، ئێستا دەبێت تیشک بخەینە سەر ئەو سزایانەی بەسەر کۆریای باکووردا دەسەپێنرێن، ئەویش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیمچەدوورگەکە بە شێوەیەکی ئاشتیانە".