Heman Hussein Yaseen
23 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2019
هەولێر - AA
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، کازم فاروق رایگەیاند کە بە ھۆی راکێشانی پارەی سندوقی شێرپەنجە لە کوردستان، ئێستا توشبووانی ئەو نەخۆشییە گرفتیان ھەیە و لە نەخۆشخانەکانیش نزیکەی ٢٠٠ جۆری دەرمان بوونی نییە.
کازم فاروق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە ماوەی رابردوودا بەناوی قەیرانی دارایییەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی بردووە بۆ بڕێک پارە و سندوق، بەتایبەت پارەی سندوقی شێرپەنجە بە بیانووی قەیرانی دارایی خەرجیکردووە کە تا ٣١/١٢/٢٠١٨ ئەو پارەیەی راکێشراوە بریتیی بووە لە ١١١ ملیار و ٦٥٧ ملیۆن و ٣٣٦ ھەزار دینار، ھەروەھا پێنج ملیۆن و ١٣٣ ھەزار و ١٨٩ دۆلار کە دەکاتە ١١٧ ملیار دینار لە سندوقی کۆمەکی شێرپەنجە راکێشراوە و خەرجکراوە".
کازم فاروق گوتیشی: "ئەو بڕە پارەیە شایستەی تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجەیە کە لە بانکەکانی فیدراڵ، کوردستان و زاگرۆس بووە، دواتر ھەندێک چەکیش دراوە بە سندوقی ھاوکارییەکە کاتێک دەچێتە بانک، ھیچ پارەیەکی لەناودا نییە".
سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، کازم فاروق جەختی لەوەشکردەوە کە دوای بەدواداچوونیان لە سەنتەر و نەخۆشخانەکانی شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان بە ھۆی نەبوونی پارە ٢٠٠ جۆر دەرمان لە نەخۆشخانەکان بوونی نییە، ئەوانەی سێ جۆر چارەسەری کیمیایی وەردەگرن دەبێت دوو جۆر لەو دەرمانانە بۆخۆیان بیکڕن".
کازم فاروق سەبارەت بە دەرمانیش گوتی: "بە ھۆی کەڵەکەبوونی قەرزی زۆری وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان کە ھی کۆمپانیا دەرمانسازییەکانە، بۆیە ئێستا حکوومەتی ھەرێم لە رێگای دیکەوە دەرمان دەکڕێت".