Hemin Hüseyin
20 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2017
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە و لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی پرۆسەی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوو بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد کە ئەوان وەکو حکوومەتی هەرێم ئاگاداری ئەو بابەتە نین و سوپاسی حکوومەتی تورکیای کرد کە لە یەکەم چرکەساتی روودانی بوومەلەرزەکە وەکو یەکەمین وڵات هاوکارییەکانی گەیاندووەتە هەرێمی کوردستان.
لە سەرەتای گۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدرالی کرد کە دەڵێت ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە و لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ھەڵوێستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان روونە و پێشتر رامانگەیاندووە کە ئەگەر هەموو ماددەکانی دەستووری عێراق جێبەجێبکرێت، ئەوا ئێمە ھیچ کێشەیەکمان لەگەڵ عێراق نامێنێت، بەڵام دەبێت ھەموو بەندەکانی جێبەجێ بکرێت، نەک ئەوەی بەغدا چەند بەندێکی لە بەرژەوەندی خۆی جێبەجێ بکات. ئەگەر لە پێشتردا دەستوور جێبەجێ بکرایە، کورد کێشەی نەبوو، ئێستاش داوای ئێمە ئەوەیە کە حکوومەتی عێراق ھەموو بەندەکانی دەستوور جێبەجێ بکات و پێویستمان بە لایەنی سێیەمە تا زەمانەتی جێبەجێکردنی دەستوور بکەن وەک پاکێجێک نەک چەند بڕگەیەکی لێ ھەڵبژێرن و ئەوانی دیکە پشتگوێ بخەن".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەگەر بەغدا رێزی لە دەستووری عێراق بگرتایە ئەوا ھیچ کێشەیەکمان نەدەبوو، من باسی ھەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم ناکەم، تەنھا رێزمان لە شیکردنەوەکانی دادگای فیدرالی گرتووە، لای ئیمە ئایندە و سەقامگیری ئەم وڵاتە گرنگە و دەبێت دانیشین لەسەر بنەمای ئەو دەستوورە کێشەکانی خۆمان چارەسەر بکەین، چونکە لەسەر بنەمای ئەوەی کێ لاوازە و کێ بەھێزە کێشەکان چارەسەر ناکرێت و ئەو سەردەمە دەبێت بگۆڕدرێت".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدرالی و بە بڕیارێکی تاکلایەنەی وەسفکرد بە بێ ئامادەبوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان و گوتی: "بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدرالی ناتوانرێت تەمییز بکرێتەوە، بەڵام دادگای باڵای فیدرالی تاکلایەنە و بێ ئامادەبوونی ھەرێمی کوردستان بڕیاری نادەستوورییبوونی ریفراندۆمی دەرکردووە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە نامەیەکی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجامدانی پەیوندی تەلەفۆنی نێوان خۆی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد و گوتی: "ھەفتەی پێشوو نامەیەکی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانم پێگەیشت و تەئکیدی لەسەر دانوستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردووەتەوە و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەشماندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەسن بەھەمان شێوە قسەمان لەسەر ئەنجامدانی گفتوگۆی نێوان ھەولێر و بەغدا کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد کە حکوومەتی بەغدا لە پڕۆژەی رەشنووسی بوودجەدا زوڵمێکی گەورەی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا رایگەیاند کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ رۆڵێکی لە دانانی پارێزگاری کەرکووک نابێت و گوتی: "ئەولەویەتی ئێمە ئەوەیە مووچە دابین بکەین، ئەوەی پێمانکراوە کردوومانە و لە داھاتووشدا بە پێی داھات دابینی دەکەین، لەگەڵ بەغداش لەبارەی بوودجە لەسەر خەتین، بەڵام لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا زووڵمێکی گەورە لە خەڵکی ھەرێمی کوردستان و مووچەخۆران کراوە، زوڵمێکی وا دەکرێت کە تەسەورناکرێت و بە ھەموو شێوەیەک زوڵمە، گەڕانەوەی پڕۆژە یاسای بوودجەش لە پەرلەمانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەرفەتێکە، ھیوادارم زووڵمەکە نەھێڵدرێت".
سەبارەت بە داواکاریی چەند لایەنێک بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی کاتی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە نازانین چ شتێک ھەیە بە حکوومەتی کاتی دەکرێت و بەم حکوومەتەی ئێستا ناکرێت کە خۆیشی وەک کاتی وایە و ماوەکەی تا ھەڵبژاردنی داھاتووە کە کار دەکەین بۆ دیاریکردنی کاتێک بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، ھەڵبژاردنی داھاتووش چارەسەری زۆربەی کیشەکان دەکات، ئەگەر ئەو لایەنانەی کە لە حکوومەتیش بەشدارن بیانەوێت وەزیرەکانییان بگۆڕن دەکرێت قسەی لەبارەوە بکرێت".
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و ئێران بۆ گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ کرماشان کە بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رێگای تانکەرەوە دەست بە گواستنەوەی نەوتەکە بکرێت، نێچیرڤان بارزانی: "ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتە نین و هیچ پرسێکمان پێ نەکراوە".
لەبارەی بوومەلەرزەکەی هەرێمی کوردستان و هاوکارییەکانی وڵاتان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "تورکیا لەیەکەم چرکەسات هاوکارییەکانی خۆی گەیاندە لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە لە دەربەندیخان و دەورووبەری و ئێمە هەر چاوەڕێی ئەوەمان لە تورکیا دەکرد، چونکە پێشتریش تورکیا چەندین هەڵوێستی هاوشێوەی هەبووە کە جێگای رێزە".
گوتیشی: "ئێمە پێمان خۆشە کە دەرفەتێک بڕەخسێت سەردانی تورکیا بکەین و پێشوازی لەو دەرفەتە دەکەین".
لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی بەغدا ئەنجامدراوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "کۆبوونەوەی سەربازی لە نێوان حکوومەتی هەرێم و بەغدا هەبووە، ئامانج لە وکۆبوونەوەیەش ئەوە بووە کە رێگا نەدەین شەڕ دووبارە بێتەوە چونکە ئێمە لەو شوێنانەی کە پاشەکشەمان کردووە بە ویستی خۆمان بووە، بەڵام لەو شوێنانەی کە شەڕ دروستبووە ئەوا ئەوان ویستوویانە کە بێنە پێشتر و لە ئەنجامیشدا شەڕ دروستبووە".