هەولێر
كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دۆسییەی نەوت و بوودجە تەنها لەسەر بڕی پارەی هەناردەكراو نییە لەلایەن بەغداوە، بەڵكو قەبارەی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمیش لەنێوان هەردوو لا جیاوازی هەیە.
دژیەكی و ناتەواوی ژمارەی نەوتی هەناردەكراو لەنێوان بەغدا و هەرێم
وەزارەتی نەوتی عێراق لە 11ی ئەم مانگە رایگەیاند هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو كۆتایی مانگی ئایار بە تێكڕا بڕی 288 هەزار و 305 بەرمیل نەوتی رادەستی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوت "سۆمۆ" كردووە كە بەو پێیە بێت هەرێم رۆژانە كەمتر لە 261 هەزار و 650 بەرمیل كەمتر لەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە وەرگرتووە.
ئەوەشی روونكردووەتەوە كە بڕی ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان لە مانگی نیسان رادەستی سۆمۆی كردووە بە تێكڕا 504 هەزار و 990 بەرمیل بووە لە رۆژێكدا، لەكاتێكدا ئەو بڕە لە مانگی ئایار بۆ 398 هەزار و 402 بەرمیل لە رۆژێكدا بە تێكڕا دابەزیوە.
بەڵام 6ی ئایار حكوومەتی هەرێم راپۆڕتی مانگانەی نەوتی هەناردەكردنی بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2015 بڵاوكردەوە، بەپێی راپۆڕتەكە لەو مانگەدا هەرێم بڕی 16 ملیۆن و 878 هەزار و 985 بەرمیل نەوتی خاوی واتە بە تێكڕای 562 هەزار و 633 بەرمیل بۆ بەندەری جەیهان هەناردە كردووە، لەو بڕە كێڵگەكانی هەرێم 12 ملیۆن و 457 هەزار و 371 بەرمیل نەوتی هەرێمیان هەناردە كردووە، واتە بە تێكڕا 415 هەزار و 246 بەرمیل لە رۆژێكدا، هەروەها كێڵكەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور چوار ملیۆن و 421 هەزار و 614 بەرمیل واتە بە تێكڕای 145 هەزار و 387 بەرمیل لە رۆژێكدا.
لەو راپۆڕتەی هەرێم هاتووە "هەرێم لە مانگی نیساندا بڕی 16 ملیۆن و 26 هەزار و 290 ملیۆن بەرمیلی رادەستی سۆمۆ كردووە واتە بە تێكڕای 534 هەزار بەرمیل و 210 بەرمیل".
هەرچی بۆ مانگی ئایارە هەرێم بڕی 14 ملیۆن و 114 هەزار و 245 بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، كە دەكاتە تێكڕا 564 هەزار و 570 بەرمیل لە رۆژێكدا، 164 هەزار بەرمیلی نەوتی بابەگوڕگوڕە، بڕی 409 هەزار و 166 بەرمیل رۆژانە دراوە بە كۆمپانیای سۆمۆ و 155 هەزار بەرمیلیش رۆژانە تەرخانكراوە لەلایەن هەرێمەوە بۆ پێدانەوەی پارەی كۆمپانیا نەوتییەكان.
پاش كێشمەكێشمی زۆری نێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر دۆسیەی نەوت و هەناردەكردنی، سەرئەنجام لە شوباتی 2014 سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتی عێراق بوودجەی هەرێمی بڕی كە بۆ یەكەمجار بوو دوای 11 ساڵ لە روخانی رژێمی پێشوو ئەو رەفتارە بەرامبەر بە هەرێم بكرێت، بۆیە لەو كاتەوە قەیرانێكی دارایی قورس بارودۆخی هەرێمی شەكەت كردووە، ئەو قەیرانە پاڵی بەهەرێمەوە نا سەربەخۆ بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا لە ئایاری ئەو ساڵە نەوت هەناردە بكات.
لە 2ی كانوونی یەكەمی 2014 حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق گەیشتنە رێككەوتن، بەپێی رێككەوتنەكە هەرێم بە هەناردەكردنی بڕی 550 هەزار بەرمیل "250ی خۆی و 300ی كێڵگەكانی كەركووك" رازی بوو و عێراقیش بەشە بوودجەی بۆ دەنێرێت كە مانگانە بەپێی یاسای بوودجەی عێراق تریلیۆنێك و 200 ملیار دینار دەبێت، بەڵام هەرێم تەنها دوو مانگە ئەو بڕە وەكو خۆی دەدات بەقسەی بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و ئەوەش بەغدا رەتی دەكاتەوە، بۆیە ئەو دوو مانگەش بوودجەی هەرێم وەكو ئەوەی دەبێت نانێرێت.
8ی كانوونی دووەمی ساڵی 2015 حكوومەتی هەرێم و ناوەند گەیشتنە رێككەوتنێكی یانزە خاڵی، بەڵام زۆرینەیان جێبەجێ نەكران، دیارترینییان ئەوەبوو كە هەرێم لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ بڕی 375 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا وەكو رێژیەكی تێكڕا بۆ سۆمۆ بنێرێت، بۆ تەواوی ساڵەكە بڕەكە بۆ 600 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرز ببێتەوە بۆ قەرەبوكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی لە مانگەكانی چارەگی یەكەمی ئەمساڵ روودەدات.
وەزارەتی دارایی: عێراق لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵدا سێ تریلیۆن و 960 ملیار دیناری لە هەرێم بڕیوە
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەحمەد عەبدولڕەحمان ئاشكرای دەكات لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ حكوومەتی عێراق بڕی دوو تریلیۆن و 265 ملیار و 749 ملیۆن دیناری رەوانەی هەرێم كردووە لەكاتێكدا شایستە داراییەكانی هەرێم كە دەبوو لەو ماوەیەدا وەریانبگرێت شەش تریلیۆن و 173 ملیار و 925 ملیۆن دینارە. بەو پێیە بێت هەرێم بڕی سێ تریلیۆن و 960 ملیار و 175 ملیۆن دیناری كەمتر لە مافی خۆی لە بەغدا وەرگرتووە.
عەبدولرەحمان لە پەراوێزی شیكردنەوەی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ژمارەیەك لە رۆژنامەنووس لە باڵەخانەی وەزارەتی دارایی كە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوشی تێدابوو گوتی "لە ساڵی 2014دا حكوومەتی عێراق تەنها چوار مانگ بوودجەی بۆ هەرێمی كوردستان مانگی كانوونی دووەم بڕی 566 ملیار و مانگی شوبات 548 ملیار و مانگی تشرینی یەكەم بڕی 583 ملیار و مانگی كانوونی یەكەمیش بڕی 583 ملیاری بۆ هەرێم رەوانە كردووە".
گوتیشی "دەبوو حكوومەتی عێراق لە ساڵی 2014 بڕی 18 تریلیۆن و 280 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام تەنها 2 تریلیۆن و 280 ملیار دیناری ناردووە، بەو پێیە 16 تریلیۆن دیناری كەمتر لەوە ناردووە كە دەبوو بینێرێت و بەو پێیە 16 تریلیۆن دیناری لەلایە".
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لە درێژەی قسەكانیدا گوتی "بۆ كۆكردنەوەی داهاتی پتر بەمەبەستی رووبەڕوو بوونەوەی باشتری قەیرانی دارایی پلانی چاكسازیی دارایی هەیە و بۆ ئەو مەبەستە پشت بە چەندین پسپۆڕی ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەستراوە و بەمنزیكانە رادەگەیەنرێت". روونیشی كردەوە "دیارترین جومگەكانی پلانەكەش باجەكان و گومرك و داڕشتنەوەی پەیكەربەندی ئیداریی دەبێت".
هەرێمی كوردستانی عێراق مانگانە پێویستی بە 860 ملیار دینار دەبێت بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی، لە مانگی دووی ساڵی رابردووشەوە سەرباریی داعش و خەرجییەكانی هەرێم رووبەڕووی گەورەترین قەیرانی دارایی بەدرێژایی 15 ساڵی رابردوو بووەتەوە، جگە لە راوەستانی هەزاران پڕۆژە و بێكاربوونی هەزارانی كەسی دیكە.
ئەحمەد عەبدولڕەحمان لەو بارەیەوە دەڵێت هەرێمی كوردستان پابەندی ئەو رێككەوتننامەیە كە لە كۆتایی ساڵی رابردوو بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و وەرگرتنی شایستە داراییەكان لەگەڵ بەغدا مۆری كردووە، سەرباری ئەوەی مافی خۆی وەرنەگرتووە.
سەبارەت بە سەربەخۆیی ئابووریش دەڵێت "لە چەند رۆژی داهاتوو ئەنجوومەنی نەوت و غازی هەرێم لەسەر ئەو پرسە كۆ دەبنەوە و بڕیاری لەبارەیەوە دەدرێت، ئێستا سەربەخۆیی ئابووری بۆ هەرێم گرنگە".
"هەرێم كەمتر لە پشكی خۆی و داهاتی نەوتی فرۆشراوی پارەی پێدەدرێت"
شارەزایانی ئابووری پێیان وایە بۆ لەمەودوا ئەگەر هەرێمی كوردستان لەسەر هەناردەكردنی ئەو بڕە نەوتەی ئێستا و زیاتریش بەردەوام ببێت، ئەوا ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوتەكەی لەلایەن خۆیەوە دەستی دەكەوێت پترە لەوەی مانگانە لە حكوومەتی عێراقەوە دەستی دەكەوێت.
سەرنووسەری ئاژانسی كورد ئۆیڵ بیلال سەعید لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "هەرێمی كوردستان لەتوانای دا هەیە داهاتی زیاتر لەوەی لەبەغداوە بۆی دێت بەدەست بهێنێت ئەگەر بێتو و خۆی نەوتەكەی راستەوخۆ بفرۆشێت".
دەشڵێت" تێكڕای هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەرێگەی سۆمۆوە لە كانوونی یەكەم بریتی بووە لە چوار ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل كە بە بەهای 203 ملیار دینار كە بە بەهای 41.45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك فرۆشراوە، هەروەها تێكڕای هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی لە مانگی شوبات بریتی بووە لە 8 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل كە بە نرخی 46 دۆلار و 79 سەنت فرۆشراوە و بەهاكەشی گەیشتووەتە 460 ملیار دینار، هەرچی تێكڕای هەناردەكردنی بۆ مانگی ئادار بریتییە لە هەشت ملیۆن و 322 هەزار بەرمیل نەوت كە بە بەهای 48 دۆلار و 45 سەنت دەكاتە 401 ملیار دینار، تێكڕای هەناردەی نەوتی هەرێمیش لە مانگی نیسان بریتی بووە لە 14 ملیۆن بەرمیل كە بە نرخی 51,70 دەكاتە 715 ملیار دینار".
ئەگەر مانگی نیسان بە نموونە وەربگرین دەبوو لەو مانگەدا هەرێم كە رۆژانە نزیكەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەكردووە و بۆ كۆی مانگەكە 13 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل بووە و بە نرخی 51,7 دۆلار فرۆشراوە كە كۆی گشتیی دەكاتە 698 ملیۆن دۆلار، واتە نزیكەی 830 ملیار دینار، كەچی زۆر لەو بڕە كەمتری وەرگرتووە.
هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی ئابووری
لە سەرەتای ئەم مانگەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و سەرۆكوەزیرانی هەرێم نێچیرڤان بارزانی بە جیا رایانگەیاند ئەگەر بەغدا پابەندی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا نەبێت سەربەخۆیی ئابووری هەڵدەبژێرن و بۆ ئەوەش زۆر چاوەڕوانی بەغدا نابن، بە بۆچوونی شارەزایانیش ئەو سەربەخۆ ئابوورییەوە سەرباری لایەنە نێگەتیڤییەكانی سەرەتایەكە بۆ سەربەخۆبوونی جوگرافی و سیاسیش، هەرێمیش ئەخاتە قۆناغێكی دیكەی چارەنووسساز.
هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2004ەوە و بەپێی رێككەوتنی هەردوولا بڕەكە 17 لەسەدی كۆی بوودجەی عێراق دەبێت بڕی 75 ملیار و 177 ملیۆن دۆلار بووە، بەشە بوودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2014ش بریتی بوو لە 14 ملیار دۆلار، بەڵام بەهۆی كێشە نەوتییەكانی حكوومەتی هەرێم و بەغدا ئەو بوودجەیە لەلایەن سەرۆكوەزیرانی عێراق نوری مالیكییەوە بڕا بۆ ساڵی 2015ش بوودجەی هەرێم 14 ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەمەشیان وەكو خۆی نادرێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەڵێت هەرێم دواهەمین یاریكەری مەزن لەسەر گۆڕەپانی هیدرۆكاربۆنەكاندا دەركەوتووە، سەرجەم 18 كێڵگەی نەوت و غازی دۆزراونەتەوە، بڕی یەدەگی نەوتیشی 45 ملیار بەرمیلە، یەدەگی غازیشی 200 تریلیۆن پێ سێ جا دەبێت، واتە 5,66 تریلیۆن مەتر سێجا، ئێستا هەرێم چاوی بڕیوەتە ئەوەی لە ساڵێ 2015 بگاتە یەك ملیۆن بەرمیل بەرهەم. لە ساڵی 2019یش بگاتە دوو ملیۆن دۆلار.
بەڕێوەبەری رێكخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی كوردستان وریا هەورامی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "هەرێمی كوردستان بە نەوتی كیڵگەكانی (بای حەسەن ئاڤاناوە) توانای هەیە تا كۆتایی ساڵی 2015 بگاتە یەك ملیۆن و 40 هەزار بەرمیل بەرهەم، بەمەش هەرێمی كوردستان پێ دەنێتە قۆناغێكی نوێ و ژمارەی نوێ لەسەر نەخشەی ووزەی جیهان".
دەشڵێت "بەپێی پێشبینیەكان و بەپشتبەستن بە توێژینەوەكانی ئاژانسی وزەی جیهانی و دەزگای زانیاری نەوتی ئەمریكا كە باس لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەكەن لە كۆتایی 2015 و سەرەتای 2016 هەرێمی كوردستان دەتوانێت بگات بە حاڵەتی خۆژێنی ئابووری و لەژێر بەند و باری بەغداد دەربچێت، چونكە ئەگەر بە 50 دۆلاریش نەوت بفرۆشێت لەكۆتایی 2015 دا ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلاری داهاتی ناپوخت بۆ هەرێم دەمنێتەوە، بەڵام دەبێت هەرێمی كوردستان بە دیراسەیەكی قوڵەوە بچێتە ناو ئەو یارییەوە لەسەروو هەمووشیانەوە گرنگە هەرێم دەست بە ڕێكەوتنی 50 ساڵەوە لەگەڵ توركیا بگرێت هاوكات هاوكار بێت لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری لەو وڵاتە، چونكە تا چەندە بارودۆخی توركیا ئارام بێت بۆ كوردیش دەریچەی زیاتری ئابووری دەكرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی دەبێت بیر لە وڵاتانی تری ئیقلیمیش بكرێتەوە".
هەرچۆنێك بێت بڕیاری سەربەخۆیی ئابووری كە رەنگە بۆ بەغدا قورس بێت، هەرێم لەكۆتاییدا دەیدات، چونكە بارودۆخە داراییەكەی تا دێت گەرووی بۆ هەناسەدان قورستر ئەكات.
news_share_descriptionsubscription_contact
