Zana Natık Kerem
03 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2022
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ پێنجشەممە سێی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، پارتی دیموکراتی کوردستان ١٤مین کۆنگرەی خۆی لە شاری دھۆک دەبەستێت کە سێ رۆژ دەخایەنێت.
لە ١٤مین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بۆ یەکەمجارە لە شاری دھۆک دەبەسترێت، زیاتر لە ھەزار نوێنەر تیایدا بەشدارن.
لە میانی ١٤مین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ھەڵدەبژێردرێن و دەنگیش بە پەیڕەوی ناوخۆی حزب دەدرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەی ١٢ ساڵە کۆنگرەی نەبەستووە و دوایین کۆنگرەی خۆی کە ١٣مین کۆنگرە بوو لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ بەستبوو.
لە مانگی ئابدا، ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە ئۆرگانەکانی پارتی ئەنجامدرا و زیاتر لە ٦٠٠ ھەزار ئەندام مافی دەنگدانیان ھەبوو کە ٨٠٠ ئەندام بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی ١٤ی پارتی ھەڵبژێردران، جگە لە ئەندامانی ھەڵبژێردراو بەپێی پەیڕەوی کۆنگرە، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی بەبێ دەنگدان دەبنە ئەندامی کۆنگرە، ھەروەھا لەسەدا ٢٥ی ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ئافرەت بن.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەبێت ھەر چوار ساڵ جارێک، حزبەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێت، بەڵام بەھۆی شەڕەکانی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، کۆنگرەی ١٤مینی پارتی دواکەوت.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦دا، دامەزراوە و لەئێستادا، رۆڵێکی گرنگیی ھەیە لە پڕۆسەی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا.