Muhammet Ali Kemal
22 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2016
داڤۆس - AA
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا ستیڤان دیمستورا لە میانەی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە.
ستیڤان دیمیستورا باسی لەوە کرد وڵاتانی ئەندامی گرووپی نێودەوڵەتی پشتیوانیکردن لە سووریا لە هەوڵی ئەوەدان لەسەر بابەتی ئەوەی کام لایەن بەشداری لە کۆبوونەوەکانی سەبارەت بە سووریا لە جنێف بکەن، رێک بکەون و گوتی: ''ئەگەری ئەوە هەیە کۆبوونەوەکان بۆ ماوەیەکی زۆر کورت دوابخرێن. چاوەڕوانی ئەوەم ئەو وڵاتانەی کاریگەرییان لەسەر ناردنی بانگهێشتنامەکانی بەشداریکردن هەیە، لەسەر هێڵێکی هاوبەش رێک بکەون''.
نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سووریا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەگەری دواکەوتنی کۆبوونەوەکان پەیوەندی بە بانگهێشتنامەکانەوە هەیە و باسی لەوە کرد لە قۆناغی ئامادەکاریدا تاوتوێی ئەوە دەکەن کێ بانگهێشت بکرێت و پێویستە چەند گرووپ بەشداری بکەن و کام وڵات دەیەوێت کام لایەن بانگهێشت بکات.
دیمیستورا لە کۆتاییدا رایگەیاند: ''ژمارەیەک گرووپ ئاماژە بەوە دەکەن ئەگەر بێت و پێگەی ئەوان لەبەرچاو نەگیرێت ئەوە بەشداری کۆبوونەوەکان ناکەن و دەڵێن 'ئەگەر فڵانە گرووپ بەشداری بکات ئەوە ئێمە نایەین بۆ کۆبوونەوەکان' بەڵام ئەمە دۆخێکی ئاساییە و بۆ ئەوەیە دووبارە جەخت لەسەر دەستنیشانکردنی پێگەی خۆیان بکەنەوە''.