Heman Husseın Yaseen
28 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 28 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ شەممە، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆنگرەی هەشتەمی خۆی بە بەشداری ٩٠٠ دەبەستێت و دوو کەسیش بۆ پۆستی ئەمنیداری گشتی ئەو حزبە خۆیان کاندید کردووە و کەسێکی دیکەش لە کاندیدبوونی پاشگەز بووەوە.
ئەندامی کۆنگرەی هەشتەمی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هیوا میرزا سابیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دڵنیاین کە کۆنگرەیەکی سەرکەتوو دەبێت و ستافە سەرداکرایەتیەکان هەڵدەبژێردرێن و خۆی بۆ قۆناغی هەشتەم ئامادە دەکات، ئێمە گەشبینین کە ئەم کۆنگرەیەش وەک کۆنگرەکانی رابردوو بەڕێوەدەچێت".
لەبارەی پێشبینییەکانییان بۆ گۆڕانکاری لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هیوا میرزا گوتیشی: "گۆڕانکاری لەسەر ئاستی پەیڕەو و پڕۆگرام، ئەندامانی سەرکردایەتی، ستراتیژی حزبی دەکرێت و، چاوەڕوان دەکەین بزانین ئەنجامەکەی چی دەبێت".
هیوا میرزا گوتیشی: "من لە کاندیدبوون کشامەوە و بڕیارە مامۆستا سەلاحەددین پڕۆژەکەی من جێبەجێ بکات، بۆیە ئێستا هەریەک لە سەلاحەدین بەهائەدین و ئەبوبەکر کاروانی کاندیدن".
کۆنگرەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە بەشداری ٩٠٠ ئەندام دەبێت و تیاییدا سەدا ٢٢،٥ ئافرەت و سەدا ٧٧،٥ پیاون.
لەم کۆنگرەیەدا ٧٢ کەس کاندیدە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و لەو ژمارەیەش ٤٣ کەس بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەردەچن لە ٢٣ بازنەوە، لەو ٤۳ کەسە ١٦ کەس پاڵێوراون بو بەرپرسی مەڵبەندەکان کە بە یەک پاکێج ھەڵدەبژێرن.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم خاوەنی پێنج کورسیە و لە پەرلەمانی عێراق دوو کورسی هەیە و لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆی راگەیاند و بەشداری پێکهێنانی حکوومەتی نەکرد.






