لەندەن - AA
ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ عەبدوڵڵا گول سەرکۆماری تورکیا ئەنجامداوەو تێیدا باس لە قەیرانی سوریاو چەندین پرسی ناوخۆیی تورکیا دەکات.
لەمیانی ئەو ھەڤپەیڤینەدا گول باس لە دۆخی سوریادەکات و بەراشکاوانە ئاماژەی بەوەداوە ئێستا لەسوریا چەندین گروپ و ھێز ھەڵتۆقیون کە دەبنە ھەڕەشەو مەترسی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکەو تەنانەت ئەوروپایش، ھەروەھا رەخنەی زۆری گرتووە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەیتوانی بەئاراستەیەک کار بکات ڕێبگرێت لە تیاچوونی ١٠٠ ھەزار سوری.
گول دەڵێ تورکیا سەرەتا زۆر ھەوڵی نێوەندگیریدا لەسەر پرسی سوریا، کەچی ھیچ پشتگیرییەکی لێنەکرا، ھەروەھا ئاماژەی بەو نامەیەشدا کە لە ماوەی پێشوو بۆ بەشار ئەسەدی ناردووە و رایگەیاند: لە ماوەی پێشوودا نامەیەکم بۆ ئەسەد نارد کە دەتوانێ چۆن مامەڵە بکات تاکو رێگر بێ لە دابەشبوونی وڵاتی سوریاو کۆتایی ھێنان بە خوێنرشتن. گوتی: "ئەسەد نامەکەی زۆر پێباش بووە، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع ھیچ ھەنگاوێکی جدی نەناوە بە ئاراستەی جێبەجێ کردنی نامەکەمدا."
گول لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژە بەوە داوە کە لەو بڕوادا نییە کە ھیچ وڵاتێ ڕێگە بدات ھاوشێوەی دۆخی ئەفغاستان لە سوریا و لەناوچەی دەریای ناوەڕاست دووبارە بێتەوە.
لەبارەی رەوشی ناوخۆی تورکیا و ناکۆکی لەگەڵ ئەردۆغان لەسەر پرسە ناوخۆییەکان، گول گوتی: "من و ئەردۆغان پێکەوە پارتی دادو گەشەپێدانمان دامەزراند و پێکەوە تورکیامان گۆڕی، شان بەشانی یەکتر وەک دۆست پێکەوە کارمان کردووە. پرسی ڕووداوەکانی پارکی گەزی دەریخست لە تورکیا جۆرێک لە کورتھێنانی دیموکراسی ھەیە، ئەوەی نیشانداین کە دەبێ بەردەوامبین لەو ڕێگایەی کە گرتومانەتە بەر بۆ بەرەو پێشبردنی دیموکراسی."