Enes Kaplan,Hatice Özdemir
19 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2015
گوتەبێژ و جێگری سەرۆكی گشتی ئاك پارتی، عومەر چەلیك دوای كۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبردنی بڕیاردانی ئاك پارتی كە لە بارەگای گشتی ئەو پارتە بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران، ئەحمەد داودئۆغڵو بەڕێوە چوو، روونكردنەوەیەكی دا بە رۆژنامەنووسان.
لەبارەی كۆبوونەوەی ئەردۆغان و سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما و، ھاوكارییەكانی سەربازی ئەمریكا بۆ پەیەدە، چەلیك رایگەیاند سەركۆمار لە كۆبوونەوەكەیدا لەگەڵ ئۆباما ھەڵوێستی توركیای لەوبارەیەوە دووپاتكردەوە و دژی ھاوكاریكردنی پەیەدە-یە، ئەمە یەكێكە لە پرسە ھەرە گرنگەكانی توركیا.
چەلیك ئاماژەی بەوە دا كە ئەردۆغان و داودئۆغڵو لەوەوپێش ھەڵوێستی توركیایان لەوبارەیەوە خستووەتەڕوو و گوتیشی: "بێگومان بە ئەرێنی دەڕوانینە ئەو ھاوكارییانەی كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و ھاوشێوەكانی دەنێردرێت، بەڵام نابێت لەكاتی بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوێكی تیرۆریستیدا ھاوكاریی رێكخراوێكی تیرۆریستی دیكە بكرێت. یەپەگە لە روانگەی توركیادا رێكخراوێكی تیرۆریستییە. لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش چەند لایەنێك پڕچەك دەكرێن بەڵام لە بەرامبەردا ھیچ متمانەیەك نییە رۆژێك ئەو چەكانە لە دژی توركیا بەكار ناھێنرێن. ئەگەری ئەوەیش ھەیە ھەمان ئەو چەكانە دژی پێكھاتەكانی خۆیان لە ناوچەكەدا بەكار بھێنن".
گوتەبێژی ئاك پارتی گوتیشی: "ئەو رێكخراوە تیرۆریستییانەی ھەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا درووست دەكەن بە ھەر ھۆكارێك بێت چاوپۆشیان لێ ناكەین. بە درێژایی ٩٨ كلیۆمەتر لە نزیك سنوورەكانمان چالاكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە ئارادایە و بە ھیچ شێوەیەك چاوپۆشی لێ ناكەین. ھەروەك چۆن چاوپۆشی لە رێكخراوی تیرۆریستی داعش ناكەین و پێداگرین لە پارێزگاریكردنی سنوورەكانمان، بە ھەمان شێوە بەرامبەر بە رێكخراوەكانی دیكەش ھەمان ھەڵوێستمان ھەیە. ناكرێت شەرعییەت بەو رێكخراوە تیرۆریستییانە بدرێت كە بە بیانووی ئەوەی بەرامبەر داعش دەجەنگن، بەو ھۆیەوە ناكرێت چەكیان پێبدرێت. گەیاندنی ھاوكاریی بەو ھێزانە دەبێتە رێخۆشكەر بۆ زیاد بوونی كردەكانی تیرۆریستی. شەڕی نێوان رێكخراوەكانی تیرۆریستی ئاشتی ناھێنێتە ئاراوە، بۆیە پێویستە نەخشە رێگایەكی گونجاو دیاری بكرێت. لێرەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە ھەماھەنگی لەگەڵ ئەو ھێزانە بكەین كە شەرعییەتیان ھەیە".