Zana Natık Kerem
19 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2018
کەرکووک ــ AA
دوای رێککەوتنی ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فیدرال و دوای ١٠ مانگ لە داخستنی، رێگەی سەرەکی نێوان کەرکووک و ھەولێر کرایەوە.
دوای دانانی پردێکی ئاسن لە بری ئەو پردەی کە ساڵی رابردوو لە ناحیەی پردێ بە ھۆی گرژی نێوان ھێزە عێراقییەکان و ھێزەکانی پێشمەرگەدا رووخا، رێگەی نێوان کەرکووک و ھەولێر بە رووی ھاتوچۆی ھاووڵاتییاندا کرایەوە.
ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی خاڵی پشکنین لە پردی ناحیەی پردێ بەڕێوەدەبن.
ھاوکات فەرماندەی ھێزەکانی پۆلیسی فیدرال، لیوا شاکر جەودەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە رێگەی نێوان کەرکووک و ھەولێر بە رووی ھاتوچۆی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکاندا کراوەتەوە، جگە لە بارھەڵگرەکان نەبێت.
لیوا شاکر جەودەت ئاماژەی بەوەشدا کە لە ٢٥ی ئەم مانگە، بارھەڵگرەکانیش دەتوانن بە رێگەکەدا ھاتوچۆ بکەن.
لای خۆیەوە فەرماندەی ھێزەکانی پۆلیسی ھەولێر، لیوا عەبدولخالق تەڵعەت لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند بە پێی رێککەوتنەکە، ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ھەرێمی کوردستان و پۆلیسی فیدرال بە ھاوبەشی خاڵی پشکنین لە نێوان کەرکووک و ھەولێر بەڕێوەدەبەن.