Heman Hussein Yaseen
06 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2025
هەولێر - AA
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف لەگەڵ ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆبوونەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی ڕۆڵی میدیا کرا لە گەیاندنی پەیام و خواستی پێکهاتەکان لە هەرێم.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئاژانسی ئانادۆڵوش وەک دەزگایەکی میدیایی کاریگەر بەشداربوو، تێیدا ڕۆڵی میدیا و میدیاکاران لەبەرچاوگیرا لەهەمبەر بەدەمەوەچوونی داواکارییەکانی پێکهاتەکان وەک هەوڵێک بۆ پێکەوەژیانیی و یەکترقبوڵکردن لە هەرێم.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکە باس لەو گرفت و ئاستەنگانە کرا لەبەردەم بەرەوپێشەوەچوونی پێکەوەژیان و پەرەپێدانی کولتوور و زمانی نەتەوەکان.
دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف تیشکی خستەسەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە و ڕایگەیاند کە لە ڕابردوودا میدیا پاڵپشتییەکی باشی هەبووە بۆ برەودان بە پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن لە هەرێم.
هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئایدن مەعروف گوتی: "کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ نوێنەرانی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بوو، میدیاکان لە هەمووکات زیاتر پاڵپشتی نەتەوەکان و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانییان کردووە، ئەمڕۆش مەبەستمان بوو تیشک بخەینە سەر ڕەوشی پێکهاتەکان و چۆنیەتی گەیاندنی پەیام و خواستەکانییان".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "ئامانج لە کۆبوونەوەکە ئەوە بوو کە پشتیوانی ڕاگەیاندن گرنگە بۆ ڕەوشی پێکهاتەکان لە هەمانکاتدا لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتین و جەخت لەوە دەکەینەوە کە بە زووترین کات کابینەی نوێ پێکبهێندرێت بە بەشداری نوێنەری پێکهاتەکان کە ئەمانە گرنگە وەک نەتەوە مامەڵە لەگەڵ پێکهاتەکان بکرێن و ئەمەش کاریگەری لەسەر پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و یەکترقبوڵکردن لە هەرێمی کوردستان هەيە".