Hemin Hüseyin
17 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2017
هەولێر - AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف رایگەیاند کە تەلەعفەر ناسنامەی تورکمانەکانە و، بەشداریکردنی هەر هێزێک لە دەرەوەی سوپای عێراق بە پێشێلکردنی ئەو بەڵێنە دەزانێت کە سەرۆکوەزیران، حەیدەر عەبادی بە تورکمانەکانی ئەو ناوچەیەی داوە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەلەعفەر کرد و گوتی: "ناوچەی تەلەعفەر بۆ ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان زۆر گرنگە و پێویستە پڕۆسەی زرگارکردن دەست پێ بکات و وایدەبینین کە ئەم شارە ناسنامەی تورکمانە و پێویستیش دەکات رزگارکردنی ئەو ناوچەیە لە ئەستۆی سوپای عێراقدا بێت بە بێ بەشداریکردنی هیچ هێزێک و مەزهەبێک، چونکە شوێنێکی هەستیارە و پێویستە بە رێکوپێکی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەڕێوەبچێت و دووربێت لە ژێر کاریگەری مەزهەبدا".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "بە پێی زانیارییەکانی ئێمە لە ئێستادا هێرشی ئاسمانی دەستی پێکردووە و ئەمەش وەکو ئامادەکارییەکە بۆ دەستپێکردنی هێرشی وشکایی، دیارە لە ئیستادا خەڵکێکی سڤیل دەستیان کردووە بە خۆ رزگارکردن لەو ناوچەیە، دەبێت سوپای عێراق و هاوپەیمانان رەچاوی ئەو خەڵکە بکەن کە نزیکەی ٢٠ هەزار کەسی سڤیل لە ناوچەکەدا ماوە و هەندێکیان بە شێویەکی سەخت خۆیان رزگارکردووە بۆ ژێر دەسەڵاتی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، داواش لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە رەچاوی ئەم بارودۆخە بکەن".
ئەندامی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف ئاشکرایشی دەکات کە بۆ بەهاناوەهاتنی ئاوارەکان، کەمپ دروستکراوە لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە و مانگی سووری تورکی چاودێری پڕۆسەی هاتنی ئاوارەکان دەکات و گوتی: "لە نزیک بادوش، کەمپی بەهاناوەهاتنی ئاوارەکان دروستکراوە کە دەکەوێتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە، مانگی سووری تورکی چاودێری بارودۆخەکە دەکات، هاوکات وڵاتی تورکیا گرنگە لە پشتیوانیکردنی تورکمانەکان، رێکخراوەکانی دیکەی وەکو ئافات و تیکا چاودێری ئاوارەکان دەکەن، بە داخەوە لەگەڵ دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە ژمارەیەک هاووڵاتی کە ژمارەیان ٥٠٠ هەزار کەسە لە ترسی داعش هەڵاتوون و ئاوارەبوون و هەندێکیان شەهید بوون، بۆیە دەبێت خەڵکی سڤیل بپارێزرێن".
ئایدن مەعروف ئاشکراشی دەکات کە لە لایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بەڵین بە تورکمانەکانی ئەو ناوچەیە دراوە کە تەنها سوپای عێراق بەشداری ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن و راشیدەگەیەنێت کە بەشداریکردنی هەر هێزێک جگە لە سوپای عێراق ئەوا دەبێتە هۆی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و گوتی: "سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی بەڵینی بە تورکمانەکانی تەلەعفەر داوە کە هێزە چەکدارەکانی دەرەوەی سوپا بە تایبەت حەشدی شەعبی بەشدار نابن لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی قەزای تەلەعفەردا، بەڵکو تەنها هێزەکانی سوپای عێراق بەشداری دەکەن و ئەگەر هەر هێزێک بەشداربوو، ئەوا دیارە دەیانەوێت گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە بکرێت و لەلای ئێمە قبووڵ ناکرێت، بۆیە داواکارین لە حکوومەتی عێراق بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات و پاڵپشتی سوپای عێراق بکات کە بەشداربن لە پڕۆسەی رزگارکردنی تەلەعفەر".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "سەرکردایەتی لایەنە سیاسییەکانی تورکمان لە بەغدا لە پەیوەندیدان چونکە تەلەعفەر بابەتێکی هەستیارە و هەر لایەنێکی سیاسیی لەسەربنەمای مەزهەب سیاسەت لەو ناوچەیەدا بکات ئەوا لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێکدا نییە و پێکهاتەی تورکمانەکان دابەش دەکات، بەڵکو دەبێت ئەو ناوچەی لە لایەن خەڵکی تەلەعفەرەوە ئیدارە بدرێت".
پێشتر ئەندامێکی دەستەی هەماهەنگی تورکمانەکان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکردبوو کە ئۆپەراسیۆنی تەلەعفەر هیچ ئاوارەیەکی لێ ناکەوێتەوە چونکە خەڵکی سڤیل لە شارەکە هاتووەتە دەرەوە و ئەوانەی ماون تیرۆریستانی داعشن، سەبارەت بەم بابەتەش ئایدن مەعروف گوتی: "ئەم لێدوانە راست نییە چونکە ئێمە لە نزیکەوە ئاگادارین کە رۆژانە هاووڵاتییەکی زۆر خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی دەرەوەی تەلەعفەر، هەر ئێستا لەگەڵ هاووڵاتیەک قسەم کرد و گوتی دایک و باوکم نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر بە پیادە رۆیشتوون و خۆیان گەیاندووەتە ناوچەکانی دەرەوەی ژێر دەسەڵاتی داعش".
قەزای تەلەعفەر، دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای عێراق و رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، رووبەرەکەی ٢٨ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، بە پێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی عێراق لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٠دا، ژمارەی دانیشتووانەکەی ٢٨١ ھەزار کەس بووە، زۆربەی دانیشتووانی تەلەعفەر تورکمانن کە زۆریان تورکمانی سوننە و بەشەکەی دیکەشیان شیعەن، ھاوکات کورد و عەرەبیشی تێدا دەژی.
قەزای تەلەعفەر، بە یەکێک لە گەورەترین قەزاکانی عێراق دادەنرێت، نزیکەی ٧٠ کیلۆمەتر لە رۆژئاوا مووسڵ، ٥٧ کیلۆمەتر لە سنووری عێراق-تورکیا و ٦٠ کیلۆمەتر لە رۆژھەڵاتی سنووری عێراق- سووریا دوورە، ناحیەکانی رەبیعە و عیازییە سەر بەو قەزایەن و ھاوسنوورە لەگەڵ قەزای شنگال. تەلەعفەر لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرا و تاوەکو ئێستا لەدەست چەکدارانی داعشدایە.