Zana Natık Kerem
15 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 15 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە میانی پێشوازیکردنی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت راگەیاند "پێویستە ژینگەیەکی لەبار بێتەکایەوە بە ئاراستەی ھێنانەدی خواستی راستەقینەی خەڵک لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا، دوور لە ساختەکاری".
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کردووە لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا، سەبارەت بە دۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق، ھەروەھا پێویستی خستنەگەری ھەوڵەکان لە پێناو چەسپاندنی سەقامگیریی عێراق و پاراستنی ئاسایشی ھاووڵاتییان گفتوگۆکراوە.
باس لەوەشکراوەکە کە لە میانی دیدارەکەدا، جەختکراوەتەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری گشت رێوشوێنەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو لە تشرینی یەکەم لەسەر بنەمای دادپەروەریی لە قۆناغە جیاجیاکاندا، تاوەکو ئەنجامەکەی جێگای متمانە خەڵکی عێراق بێت، ھاوکات جەختکراوەتەوە لەسەر ھێنانەدی خواستی راستەقینەی خەڵک لە ھەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان دوور لە فشار، ساختەکاری و فرتۆفێڵ، بۆ ئەو مەبەستەش رۆڵی چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەگرنگ زانراوە.