Sarmand Hameed
06 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2021
هەولێر-AA
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا پێشوازیی لە راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا لە عێراق، جەنەڕاڵ جۆن تایگەرت و شاندێکی یاوەری کرد.
بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، جەعفەر شێخ مستەفا سوپاس و پێزانینی گەلی هەرێمی کوردستانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووپات کردووەتەوە کە لەڕووی کارە مرۆیی و سەربازییەکانیانەوە ھەمیشە ھاوکار و پاڵپشت بوون بۆ دوورخستنەوەی ئەو مەترسییانەی بۆ سەر خاک و ھەرێمی کوردستان ھەبووە.
ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ھاریکاری بەتایبەتی کە ئێستا تیرۆر بووەتە ھەڕەشەیەک بۆسەر ناوچەکە و جیھان بەگشتی، ھەروەھا بۆ لاوازکردن و نەھێشتنی یەکجارەکیی داعش، بە پێویست زانرا ھێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان بنیات بنرێت و ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و ھاوپەیماناندا بەردەوام بن.
لە کۆتاییدا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا ماڵئاوایی لە جەنەڕاڵ جۆن تایگەرت کرد و سوپاسی ئەو خزمەتەی کرد کە لە عێراق وەک راوێژکاری سەربازیی ئەمریکا پێشکەشی کرد و لە کاری داھاتوویدا ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.