Sarmand Hameed
05 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2021
هەولێر - AA
بەئامادەبوونی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و هەردوو کۆنسولی گشتیی ئەمریکا و کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر و ستافێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسیمێکدا تاقیگەی ناوەندی فێتێرنەری لە ھەرێمی کوردستان کرایەوە، دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی کە بەشداریی رێوڕەسمەکەی کردووە، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی: "لەم رێورهسمهدا بەگرنگییەوە تیشکمان خستەسەر کاریگەری ئەم تاقیگەیە و شێوازی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و ھەماھەنگی و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی بەکارخستنی توانای ئەم تاقیگەیە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو".
بێگەرد تاڵەبانی راشیگەیاندووە، ئەم تاقیگەیە بە شێوازێکی زۆر مۆدێرن لە چوارچێوەی پرۆگرامی کەمکردنەوەی ھەرەشەی بایۆلۆجی (Biological Threat Reducation Program- BTRP) ی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا نۆژەنکراوەتەوە، بۆ مەبەستی گرنگیدانی زیاتر بە بواری سەلامەتی و ئاسایشی بایۆلۆجی و کارکردن بە شێوازێکی ستاندارد، سەرەڕای نۆژەنکردنەوەی ئەم تاقیگەیە کە چەند وێستگەی مۆدێرنی تەکنەلۆژی لەخۆگرتووە.
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، پرۆژەکە ئەرکی دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلی تاقیگەیی و کردنەوەی خولی راھێنان لە چەند بوارێکی جیاوازی تاقیگەیی لە خۆگرتووە.