Heman Hussein Yaseen
27 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 28 حوزەیران 2021
ههولێر - AA
دوای ئەوەی ھەرێمی کوردستان داوای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی داعشی کرد، ئەو داوایە لەلایەن دادگای فیدراڵیی عێراقەوە رەتکرایەوە و لەمبارەیەوە وەزیری داد لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فرسەت ئەحمەد بە ماڵپەڕی وەزارەتەکەی راگەیاندووە "مەبەست لە دامەزراندنی دادگەکە، بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانە بووە کە تاوانی کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکیان ئەنجامداوە".
فرسەت ئەحمەد ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە مەبەست لە پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەت بە تاوانەکانی داعش بۆ ئەوە بوو کە ئەو تۆمەتبارانەی دەستیان ھەبووە لە کوشتن و ئەشکەنجەدانی ھاووڵاتییان، دادگایی بکرێن، چونکە دادگاییکردنی تۆمەتباران، جێبەجێکردنی دادگەرییە بۆ گەیاندنی تۆمەتباران بە سزای خۆیان".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری داد راشیگەیاندووە "دووساڵە ھەرێمی کوردستان چەندین بەڵگەنامەی لەسەر تاوانەکانی تیرۆریستیانی داعش ئامادە کردووە و کاری لەسەر کراوە".
فرسەت ئەحمەد لەبارەی وەڵامی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق روونی کردووەتەوە "بڕیاری دادگای فیدراڵیی، پێداچوونەوەی بۆ دەکەین و لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان وەڵامی خۆمان دەبێت، راستە لە رووی یاساییەوە، تانە لە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی نادرێت، بەڵام ھێشتا دەرفەتی قسەکردن ماوە تا ئێمەش بۆچوونی خۆمان بڵێین، لەبەرئەوەی لەوانەیە ئەو شتانەی ئەوان باسیان کردووە ئێمە لەگەڵی نەبین".
وەزیری داد جەختی لەوەشکردووەتەوە کە دامەزراندنی دادگایەک بۆ تاوانەکانی داعش، دادگایەکی تایبەت نییە، بەڵکو دادگایەکی تایبەتمەندە و جیاوازی ھەیە لەنێوان ئەو دوو جۆرە دادگایەدا، ئەو دادگایەی پێشنیاز کراوە تایبەت نییە وەک ئەو بەناو داگایەی (شۆڕش) لە سەردەمی رژێمی بەعس کە خەڵکی بە کوشت دەدا.